پارەی زیادەی نەخۆشخانە ئەھلییەكان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا دەگەڕێندرێتەوە
وەزارەتی تەندروستی: لە نەخۆشخانەیەكی ئەھلی زیاتر 116 ھەزار دۆلاری زیادە لە 33 كەس وەرگیراوە

K24 - ھەولێر
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێكھێناوە و ئەو تووشبووانەی كۆرۆنا كە بۆ چارەسەر چوونەتە نەخۆشخانە ئەھلییەكان و پارەی زیادیان لێوەرگیراوە بۆیان دەگێڕێتەوە.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێکهێنرا، بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی کۆرۆنا وەرگیراوە لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلیەکان، بەجۆرێک کە پارەی زیاتریان لێوەرگیراوە لەو بڕەی کە وەزارەتی تەندروستی دیاری کردبوو".
لە نەخۆشخانەیەكی ئەھلی زیاتر 116 ھەزار دۆلاری زیادە لە 33 كەس وەرگیراوە
ئاماژەی بەوەشداوە: "دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاریدا نەخۆشخانە ئەهلییەکان داشکان بکەن، بۆ تووشبووانی کۆرۆنا سەرەتا داشکان بەڕێژەی 25% و دواتر بەڕێژەی 50%. هەندێک نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەکان خەرجی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیه لیژنەکە سەردانی هەموو نەخۆشخانەکان دەکا".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای كردووە: "تەنها لە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی دەرکەوتووە پارەی زیادە لە 33 نەخۆش وەرگیراوە کە دەکاتە بڕی زیاتر لە 116 سەدوشازدە هەزار دۆلار بەرامبەر بە 169 سەد و شەست و نۆ ملیۆن دینار کە لە ئەمڕۆوە بۆ هاووڵاتیان دەگەڕێندرێتەوه. لیژنەکە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە. هەر نەخۆشخانەیەک سەرپێچی کردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەخۆش بە خاوەن مافەکان".