بۆچی پهكهكه ههماههنگی لهگهڵ گرووپه میلیشیاكانی عێراق دهكات؟
پهكهكه موشەکی جۆری (107) ملیم-ی ئێرانی له حهشد وهرگرتووه

K24 - ههولێر:
حەشدی شەعبی بڕیار دەدات چەک و پێداویستی سەربازی بداتە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، بە بیانوی پاراستنی شنگال، ئەوهش دوای کۆبوونەوەی نوێنەرانی پەکەکە و حەشد لە هەفتەی رابردوو، هەروەها بڕیار لهسهر کردنەوەی رێگای حەسەکە و شنگال و زیاترکردنی دەسەڵاتەکانی پەکەکە لە مەخمور دراوه.
میدیا عەرەبییەکان لە زاری بەرپرسێکی بەشداری کۆبوونەوەکە بڵاویان کردەوە، لە کۆتایی هەفتەی رابردوو ژمارەیەک گرووپی چەکداری حەشد، کە نزیکن لە ئێران لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە کۆبوونەتەوە، لەوانەش سەرکردەکانی گرووپی نوجەبا و ژمارەیەک ئەفسەری پاسدارانی ئێران و نوێنەرانەی پەکەکە و هێزەکانی پاراستنی شنگال لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون.
بە گوتەی میدیا عەرەبییەکان، حەشد بڕیاری داوه شنگال بە جێنەهێڵێت، ئەوەش پێچەوانەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدایە بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی شنگال، لیوایەکی گروپی نوجەبا راسپێردراوە، کە بەرپرسیارییەتی ئەمنی ناوچەکە لە ئەستۆ بگرن، بڕیاریش دراوە هەماهەنگی بەردەوام لەنێوان پاسداران و پەکەکە و حەشد لەو ناوچەیە بەردەوام بێت و گرووپی چەکداری حزبوڵای عێراقیش راسپێردراوە، کە چەک و پێداویستی سەربازی بداتە پەکەکە، "محەمەد کەوسەرانی"، سەرکردەی حزبوڵای لوبنانی لە دوای گەڕانەوەی لە تارانی پایتەختی ئێران، بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە.
بەپێی میدیا عەرەبییەکان، بەبیانووی کەمبوونەوەی کەلوپەلی سەربازی پەکەکە لە شنگال، حەشد بڕیاری داوە، کە گوللـە و پێداویستی سەربازی و موشەکی جۆری (107) ملیم بداتە پەکەکە، رۆژێک دوای کۆبوونەوەکەش موشەکەکان دراونەتە پەکەکە و موشەکەکانیش دروستکراوی ئێران بوون.
ماڵپەڕی "عەرەبیک پۆست" لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، هەموو لایهنهكان رێککهوتن، کە ئەمنیەتی شنگال لە ئەستۆ بگرن، لهگهڵ ئهوهش بڕیار دراوە رێگە بە "پەکەکە" بدرێت، کە رێگەی نێوان حەسەکە لە رۆژئاوایی کوردستان و شنگال بۆ گواستنەوەی چەکدارهكانی و کەلوپەلی سەربازی و مەدەنی بەکاربهێنێت. پەکەکە و حەشدی شەعبی رێککەوتوون، کە ئەمنیەتی ئەو رێگەیە لە ئەستۆ بگرن، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکەکانی حەشد لەو ناوچەیە و هەماهەنگییەکەیان تا ئەوپەڕی پتەوی بەرز بکەنەوە.
بەگوێرەی میدیا عەرەبییەکان، هەردوولا لەسەر دەستکردنەوەی زیاتری پەکەکە لە مەخمور رێککەوتن، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی پەکەکە زیاتر لە مەخمور بسەپێنن و هاوکاری زیاتری چەکدارانیان لەو ناوچەیە بکرێت.
ئەو هەوڵانەی پەکەکە و حەشد بوونەتە هۆکاری نیگەرانی هەولێر و بەغدا، بەتایبەت دوای رێککەوتنی هەردوولا بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و وەدەرنانی گرووپە چەکدارییە ناشەرعییەکان لە شنگال و گێڕانەوەی خەڵکەکەی و ئاوەدانکردنەوەی. سەرچاوەیەکی هەواڵگری عێراقیش رایگەیاندووە، کە مەرام لە رێککەوتنەکە رزگارکردنی خەڵکی ناوچەکە بووە لە گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران و پەکەکە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە بووە، بەڵام ئەوەی روویدەدات پێچەوانەی رێککەوتنەکەیە، لەجیاتی چۆڵبوونی ناوچەکە، خەریکە گرووپە چەکدارەکان بە تەواوەتی کۆنترۆڵی شنگال دەکەن.
ئەو بەرپرسەی هەواڵگری عێراقیش هۆشداری دەدات، کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ئەو گرووپە چەکدارییانە بە زۆر خەڵک ناچار بە دەنگدان لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەن.
د.ی