فەرەنسا داوايهك له ئێران دهكات
ئەنجوومەنی پارێزگارانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەم ھەفتەیەدا رەشنووسی بڕیارێكی ئەوروپایی تاوتوێ دەكەن دژ بە ئێران

K24 – ھەولێر:
كۆشكی ئەلیزێ، رایگەیاند، سەرۆكی فەرەنسا، ئێمانوێل ماكرۆن بە سەرۆكی ئێران، حەسەن رۆحانیی راگەیاندووە، پێویستە تاران دەستبەجێ دەستپێشخەری روون پێشكەش بكات بۆ رێگادان بە دەستپێكردنەوەی دانوستان لە بارەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، كە لە ساڵی 2015 واژووكراوە.
ماكرۆن "نیگەرانی زۆری" خۆی بۆ رۆحانی دەربڕی لە بڕیارەكانی ئێران، كە پێشێلكردنی رێككەوتنی ڤییەنای ساڵی 2015 دەكەن.
لە راگەیاندراوی ئەلیزێدا ھاتووە: دوای ئەوەی ھەوڵەكانی فەرەنسا و ھاوبەشەكانی لەم ساڵانەی دواییدا بەبیری رۆحانی ھێنایەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەك بەڕێگای دانوستاندا، سەرۆكی فەرەنسا جەختیكردەوە لەسەر گرنگی ئەوەی ئێران دەستپێشخەری روون و دەستبەجێ پێشكەش بكات بۆ ئەوەی رێگا بدرێت دانوستان دەستپێبكرێتەوە لەگەڵ گشت لایەنەكانی واژوویان لەسەر رێككەوتنی ڤییەنا كردووە".
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئێف لۆدریان، رایگەیاند، لە رۆژانی داھاتوودا پڕۆژەیاسایەك پێشكەش بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەكرێت بۆ رەخنەگرتن لە بڕیاری ئێران لە سنوورداركردنی ھاریكاریكردن لەگەڵ ئاژانسەكە.
ھەر یەك لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، رۆژی دووشەممەی رابردوو پلانێكیان بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشكەش كرد بۆ دەركردنی بڕیارێك لە ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، وێڕای ھۆشدارییەكانی رووسیا و ئێران لە ئەنجامی خراپی ئەم پلانە.
ئەمە لە كاتیكدایە لە ڤییەنا كار و كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەردەوامە و دوای رۆژێك دێت لە ھۆشداریدانی ئەمینداری گشتی ئەو رێكخراوە لەبارەی بەكارھێنانی كاری پشكێنەران وەك كارتی فشار بۆ گفتوگۆكانی سیاسی لە دۆسیەی ئێرانیدا.
ئەنجوومەن لەم ھەفتەیەدا رەشنووسی بڕیارێكی ئەوروپایی تاوتوێ دەكەن لە بارەی كەمكردنەوەی كاری پشكێنەرانی نێودەوڵەتی و نەبوونی شەفافیەت لە رەفتاركردن لەگەڵ ئاژانسدا لە لایەن ئێرانەوە.
سەرچاوە: "العربیة نت"