پاپا لە مووسڵ: ناسنامەی راستەقینەی ئەم شارە پێكەوەژیانە

پاپا لە مووسڵ لەگەڵ پێكھاتەكان كۆبووەوە

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان - لە مووسڵ - فۆتۆ: AFP
پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان - لە مووسڵ - فۆتۆ: AFP

K24 – ھەولێر

دوای ئەوەی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پاپا فرانسیس سەردانی ھەولێر كرد، پاشان گەیشتە مووسڵ و لەگەڵ پێكھاتەكان كۆبووەوە و لە چەند وتەیەكدا پێكھاتەكانی مووسڵ سەردانی پاپایان بە گرنگ وەسفكرد و ئاماژەیان بە وێرانكاری مووسڵ كرد لەلایەن چەكدارانی داعشەوە.

لە وتارێكیدا پاپا فرانسیس سوپاسی پێكھاتەكانی مووسڵی كرد و راشیگەیاند، ئەو وێرانكارییەی داعش لە مووسڵ كردی زیانی گەورەی بە ھەموو پێكھاتەكان گەیاند.

پاپا فرانسیس، گوتیشی: "ناسنامەی راستەقینەی ئەم شارە پێكەوەژیانە، لەنێوان ئەو خەڵكەی كە ئایینیان جیاوازە، پشتوانی لە گەڕانەوەی كریستیانەكان دەكەم بۆ مووسڵ و ساڕێژكردنی برینەكان، لێرە شوێنەواری شەڕی ماوە، ھەموو پێكھاتەكان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە یان كوژراون، پەیامی ئاشتی دووپاتیدەكەینەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ناو و پیرۆزییەكانی خوا بشێوێنن".

بەپێی خشتەی سەردانەكەی پاپا دواتر دەگەڕێتەوە ھەولێر و لە یاریگای فەرەنسۆ ھەریری لە ھەولێر بە ئامادەبوونی 10 ھەزار كەس نوێژی بە كۆمەڵ "قەداس" دەكات.