وەزیری بەرگری ئەمەریکا باس لە تۆڵەی هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانیان دەکات

لەبارەی هێرشی سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد هۆشداریی دەدات

لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا

K24- هەولێر:

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لەبارەی هێرشی سەر بنکەی سەربازیی ئەمەریکا لە ئەنبار رایگەیاند، بە هێرش وەڵام دەدەینەوە، لەو شوێن و کاتەی خۆمان هەڵیدەبژێرین.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوز، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەبارەی هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق گووتی: "ئێمە هەمیشە سزای ئەو ئەو کەسانەی ئەو کارانە دەکەن دەدەین، بەڵام لە شوێن و کاتێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین''.

ئەگەرچی کەسی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار نەکرد، بەڵام هۆشداریی دا: "دەبێت ئێران ئەوە بزانێت کە ئەمەریکا بەرگری لە سەربازەکانی دەکات بۆیە دەبێت ئێران شتە راستەکە ئەنجام بدات''.

بەهۆی ئاراستەکردنی 10 مووشەک بۆ سەر سەربازگەی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزەکانی ئەمەریکا تێیدا جێگیرکراون، خاوەن گرێبەستێک لەگەڵ ئەمەریکییەکان دوای هێرشەکە، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا، بەڵام زیانی گیانی دیکەی بە دواوە نەبوو.

Fly Erbil Advertisment