گفتوگۆی هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه

به‌شیر حه‌داد: ئه‌سته‌مه‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌دا تێپه‌ڕێنرێت

كۆبوونه‌وه‌ی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت فیدراڵ
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت فیدراڵ

K24- هه‌ولێر:

لەسەر داواکاریی 150 پەرلەمانتار، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی دووشەممە 15 ئادار/ مارسی 2021ی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دیاری کرد. له‌كاتێكیشدا گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق لە نێوان ھەولێر و بەغدا دەستپێدەکه‌نەوە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە، بۆ چەسپاندنی پشکی کورد لە پڕۆژەیاساكه‌دا.

له‌و باره‌شه‌وه‌ به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ئەستەمە لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی پەرلەماندا بتوانرێت پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناچێتە ژێر باری ھیچ رێکكەوتنێك لە دەرەوەی دەستور.

به‌شیر حه‌داد گوتیشی: ھێشتا پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕالی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ رێزان شێخ دلێر، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دواکەوتنی گفتوگۆکان لە سەر پڕۆژە بوجەی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە کوتلە سیاسییەکانی عێراق دەستوەردان له‌ بڕیاری حکومەت ده‌كه‌ن و ھەوڵی گۆڕینی ئەو دوو مادەیە دەدەن، کە لە بەرژەوەندی کوردن.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی نیازپاکی پیشان داوە بۆ رێكکەوتن و ھەموو داواکاریە یاسايی و دەستورییەکانی بەرپرسانی عێراقی جێ بەجێ کردووە، ته‌واوی داتاكانیشی لەسەر داھات و خەرجییەکانى ھەرێمی کوردستان خستووه‌تە بەردەستی لیژنەی دارايی پەرلەمانی عێراق.

ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژە بوجەی خۆی بۆ ساڵی 2021 بە دوو سیناریۆی جیاواز ئامادە کردووه، یەکەمیان رێکكەوتنە لەگەڵ بەغدا و بەپێی ئەو پشکەی بۆ ھەرێم دێت، لە لایەکی دیكه‌شه‌وه‌ بە پێی داھاتی ھەرێم داڕێژراوەتەوە.

لایەنە کوردستانییەکان و بەشێك لە لایەنە سونییەکانیش لەگەڵ ئەوەن، بە تەوافوق پڕۆژەکە تێبپەڕێنرێت، بەڵام بەشێك لە لایەنە شیعەکان سورن لەسەر ئەوەی بە زۆرینە پڕۆژەکە تێپەڕێنن.

 

H.B