ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمه‌ریكا بەردەوامن

واشنتن ئامادە نییە گەمارۆكانی سەر تاران لابدات

ئاڵای ئێران و ئاڵای ئه‌مه‌ریكا
ئاڵای ئێران و ئاڵای ئه‌مه‌ریكا

K24 - هه‌ولێر:

ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمه‌ریكا لەسەر چۆنییەتی گفتوگۆكردن لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی بەردەوامن، ئەمه‌ریكا ئامادە نییە گەمارۆكانی سەر ئێران لابدات و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن ھەتا گەمارۆكان ھەبن، ئەوان لەسەر چالاكییە ئەتۆمییەكانیان بەردەوامن، كێشەیەكی دیكەش ئەوەیە، كە ئەمه‌ریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران دەبێت ھاوپەیمانە ناوچەییەكانی خۆی رازی بكات.

ئەمه‌ریكا و ئێران ئامادە نین، یەك ھەنگاویش لە مەرجەكانیان پاشەكشێ بكەن، ھەردوولا داوا دەكەن لایەنی بەرامبەر ھەنگاوی یەكەم بهاوێژێت، ئەوەش وایكردووە واشنتن و تاران لەسەردەمی جۆ بایدنیش، ھەمان ئاوازی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ بڵێنەوە.

عەبدوڵناسر ھیمەتی، سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، تاكو ئێستا چارەسەری پارە بلۆككراوەكانیان دیار نییە، ھەربۆیە ئەوان جارێ پلانە ئابوورییەكانیان بەبێ ئەو پارانە دادەرێژنەوە. زۆرترین پارەی ئێران لە كۆریای باشوور و عێراقە.

ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكا رەتیكردەوە، كە رێگەیان دابێت ئێران دەستی بە پارە بلۆكەكراوەكان رابگات، بانكی ناوەندی عێراقیش ئامادەیی نیشانداوه‌ ھەندێك لە قەرزەكانیان بە دینار بدەنەوە، بەڵام تاران دۆلاری دەوێت و بەغداش لەترسی ئەمه‌ریكا ئامادە نییە بە دۆلار قەرزەكانی بداتەوە.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران روونیكرده‌وه‌، سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئێران بەردەوامە و لە وەڵامی ھاوتا ئەمریكییەكەیدا گوتی سیاسەتی پێشوو ھەمان ئەنجامی پێشووشی دەبێت.

ئەگەرچی كابینەی بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەڵام ھاوبەش و ھاوپەیمانە ناوچەییەكانی گوشارێكی زۆریان ھێناوە، بۆ یەكەمجار كۆبوونەوەی ستراتیژی ئەمه‌ریكا و ئیسرائیل بە ئامادەبوونی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ھەردوولا بەرێوەچوو، تەوەری سەرەكیشیان كۆنترۆڵكردنی ئێران بوو.

ھاوكات وڵاتانی عەرەبی كەنداو بە سەرپه‌رشتی سعودیه‌ش داوا دەكەن، لەئەگەری كۆبوونەوە لەگەڵ ئێران ئەوانیش نوێنەریان ھەبێت، ھەموو ئەو گوشارانەش وایكردووە، كە ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریكا رایگەیاند، كە ئەوان ھیچ ھەنگاوێك بەبێ ئاگاداری و راوێژ لەگەڵ ھاوپەیمانە ناوچەییەكانیان لە ئێران ناچنە پێش، ھاوپەیمانە ناوچەییەكانی ئەمه‌ریكا ئیسرائیل و سعودیەن، كە ناكۆكییەكی قووڵیان لەگەڵ ئێراندا ھەیە.

د.ی

Fly Erbil Advertisment