وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاوارەکان لە سلێمانی بەسەر دەکاتەوە
"پلانی تۆکمەمان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان هەیە"

K24 - ههولێر:
بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخ و ژیانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی ئاوارەکانی کرد و بەڵێنی دا، کە پلانی تۆکمە دابنێن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زیدی خۆیان، ئاوارەکانیش ئەگەرچی کوردستان بە زێدی خۆیان دەزانن، لە ھەمانکاتدا باس لەوە دەکەن، كە ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە لە شوێنەکانیان نە ماڵیان ھەیە، نە کار.
ھێندە لەگەڵ بارودۆخی کوردستان خۆیان گونجاندووە، ئارەزوویان لێ نییە بەزوویی بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی باوباپیرانیان، ئاوارەکانی سنووری سلێمانی، نایەنەوێت بەگیرفانی خاڵییەوە بچنەوە بۆ سەر خانووە رووخێنراوەکانیان، ئەوان ئاماژه بهوه دهكهن ژیان بێ ئەمنیەت و کار بەردەوام نابێت، بۆیە ناگەڕێینەوە.
عەلی ساڵح، ئاوارە، گوتی: "(274) خێزان لێرە دەژین، ھەر خێزانێک لە (3) تا (15) کەس پێکدێت، لە (22ی شوباتی 2015)هوه ھاتووینەته ئەو کەمپە، کە بووهته (6) ساڵ، ناتوانین بگەڕێینەوە ناوچەکانمان، چونکە خانووەکانمان ھەمووی رووخێنراون و موڵك و ماڵمان دزراون، ئۆتۆمبێلەکانمان ھەمووی سووتێنراون، داعش کە ھات، ھەموو شتیکی وێرانکرد".
بۆ ئەوەی لەبارودۆخیان بکۆڵێتەوە، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، سەردانی کەمپەکانی سنووری شارۆچکەی عەربەتی کرد، گوێی لە داواکانیان گرت و بەڵێنی دا کاریان لەسەر بکات، باسی لەوەشکرد پلان دادەنێن تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ژیان سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە.
ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی: "قسەمان لەگەڵ سەرۆک ھۆزەکان کردووە، تا ھاوکاربن لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، تا ئێستا نزیکەی (70) خێزانمان گەڕاندووهتەوە، بەردەوامیش دەبین لە گەڕاندنەوەی ئەوانی دیكه، بەڵام بە رەزامەند و خواستی خۆیان نەوەک بە زۆرەملێ، ویرای سوپاسگوزاریمان بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ھەموو ھاوکارییەکیان پیشکەشی ئاوارەکان کردووە، بەباشترین شێوەش میوانداریان کردوون، بەڵام داوای ھەماھەنگی زیاتری نێوان ھەولێر و بەغدا دەکەین، بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئاوارەکان".
گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان لەکاتێکدایە، زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لەلایەن ھێزەکانی عێراقەوە رزگارکراوە و بهڵام كاركردن لەلایەن حکومەتی بەغداوە بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لاوازه و دۆخى ئهمنى ئهو ناوچانەش مهترسيداره، زۆرینەی خێزانە ئاوارەکانيش خۆیان یەکلاکردووەتەوە نەگەڕێنەوە، تا ئەوکاتەی حکومەتی عێراق، بەتەواوی ژیانیان پارێزراو دەکا.
د.ی