تاران بۆ دیمه‌شق پێشنیازی ناردنی تیمێكی پزیشكی بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی: رێبه‌ری باڵای ئێران سووریا به یه‌كێك له ستوونه‌كانی ته‌وه‌ری به‌ره‌ی به‌رگری ده‌زانێت

K24- هه‌ولێر:
عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، راوێژكاری عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سووریا له تاران، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ ناردنی تیمێكی پزیشكی بۆ سووریا نیشاندا، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا، كه ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی تووشی په‌تای كۆرۆنا بوونه.
ویلایه‌تی له دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ شه‌فیق ده‌یوب، باڵیۆزی سووریا له تاران گوتی: "رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌سه‌د به كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و یه‌كێك له گه‌وره سه‌ركرده‌كان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و به‌ره‌ی به‌رگری ده‌زانێت و سووریاش به یه‌كێك له ستوونه‌كانی ته‌وه‌ری به‌ره‌ی به‌رگری هه‌ژمار ده‌كات".
ویلایه‌تی هیوای خامنه‌یی بۆ سه‌لامه‌تی ئه‌سه‌د به باڵیۆزی سووریا راگه‌یاند، كه به‌ر له ماوه‌یه‌ك خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌ی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو سه‌رۆكایه‌تی سووریا تووشبوونی هه‌ریه‌ك له به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا و ئه‌سما ئه‌سه‌ده‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی به په‌تای كۆرۆنا راگه‌یاند.
سه‌رچاوه: روسیا الیوم
H.B