ئه‌وقاف له رێگه‌ی لێژنه‌یه‌كه‌وه چاودێری وتاری هه‌ینی مزگه‌وته‌كان ده‌كات
مامۆستایانی ئایینی هه‌ڵوێستی جیاوازییان هه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی بۆ ئاگاداربوون له وتاردانی هه‌ینی، ليژنه‌یه‌ك پێك دێنێت، وه‌زیری ئه‌وقافیش ده‌ڵێت: هه‌ر كه‌سێك مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان بۆ مه‌رامی تایبه‌ت به‌كاربێنێت، له كاره‌كه‌ی دوور ده‌خرێته‌وه.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه تاكوو ئێستا نزیكه‌ی 1000 وتارخوێن خه‌ڵاتی رێزلێنانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پێبه‌خشراوه، چونكه مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانیان له كاری سیاسی و مه‌رامی تایبه‌تی به‌دوور گرتووه .
مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان، ئه‌و شوینه‌ی به‌شێك له پیاوانی ئاینی به سه‌نگه‌ری دووه‌م بۆ پاراستنی وڵات وه‌سفی ده‌كه‌ن، سه‌نگه‌رێك هاوشان له‌گه‌ڵ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن نابێت مزگه‌وت بۆ مه‌رامی تایبه‌ت له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س و لایه‌نی سیاسی به‌كاربهێندرێت.
هه‌موو رۆژێكی هه‌ینی، نزیكه‌ی یه‌ك كاتژمێر، ئه‌م پیاوه ئاینیانه، له مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانیان، باس له پێكه‌وژیانی ئاینه‌كان و، ته‌بایی و نزاكردن بۆ پێشمه‌رگه ده‌كه‌ن، بۆیه وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف خه‌ڵاتیان ده‌كات و پیاوێكی ئاینیشی ده‌ڵێت، زۆر كه‌سمان بینی مزگه‌وتیان به‌كارهێنا، به‌ڵام له كۆتاییدا شكه‌ستیان هێنا.
وه‌زیری ئه‌وقاف چه‌ندین جار كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پیاوانی ئاینی كردووه، به ئاشكراش پێی ڕاگه‌یاندوون هه‌ركه‌سێك مزگه‌وت بۆ كاری سیاسی، یان هه‌ر مه‌رامێكی دیكه به‌كار بێنێت، جارێكی دیكه، نابێت وتار بخوێنێته‌وه، ئێستاش لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ چاودێریكردنی وتاری هه‌ینی دروستده‌كات.
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف تا ئێستا نزیكه‌ی 1000 وتارخوێنی له پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی خهڵاتكردووه، بریاریشه له چه‌ند رۆژی داهاتوودا له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه درێژه به‌م چالاكییه بده‌ن، وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن، ده‌بێت مینبه‌ری مزگه‌وته‌كان به‌جۆرێك بن، مافی په‌یڕه‌وانی سه‌رجه‌م ئاینه‌كان به یه‌كسانی بپارێزێت و به‌دووربێت له بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی.