خۆپیشانده‌رانی ناسرییه‌ پرد و رێگا سه‌ره‌كییه‌كانیان داخست

"خۆپیشانده‌ران زۆر تووڕه‌ن و به‌ سووتاندنی تایه‌ی ئۆتۆمبیل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان رێگه‌ی هاتووچۆیان داخستووه‌"

خۆپیشانده‌رانی ناسرییه‌ به‌ سووتاندنی تایه‌ی ئۆتۆمبیل رێگه‌ و پرده‌كانی ئه‌و شاره‌یان داخست
خۆپیشانده‌رانی ناسرییه‌ به‌ سووتاندنی تایه‌ی ئۆتۆمبیل رێگه‌ و پرده‌كانی ئه‌و شاره‌یان داخست

K24- هه‌ولێر:

بۆ سێیه‌م رۆژ له‌سه‌ر یه‌ك، خۆپیشانده‌رانی ناسرییه‌ به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانیان ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان كردووه‌ته‌وه‌ و به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، ئه‌مڕۆش له‌ هه‌نگاوێكی نوێی فشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تدا، خۆپیشانده‌ران زۆربه‌ی پرد و رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و شاره‌یان داخستووه‌.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆیی به‌ سایتی حوڕه‌ رایانگه‌یاند، "خۆپیشانده‌رانی ناسرییه‌ زۆر تووڕه‌ن و به‌ سووتاندنی تایه‌ی ئۆتۆمبیل له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان رێگه‌ی هاتووچۆیان له‌سه‌ر پرده‌كان داخستووه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یان پێدا، به‌هۆی خۆدزینه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان بۆ دامه‌زراندنی پارێزگاری نوێ و له‌كارلادانی ته‌واوی به‌رپرسانی ناوخۆیی و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵكاران و بكوژانی خۆپیشانده‌ران".

چالاكوانانی عێراقی ئاشكرایانكرد، خۆپیشانده‌رانی ناسرییه‌ هه‌رسێ پرده‌كه‌ی نه‌سر، زه‌یتون و حه‌زاراتیان له‌و شاره‌ داخستووه‌.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ خۆپیشاندانه‌كان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقی سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش: بابل، نه‌جه‌ف، ناسرییه‌ و سه‌ماوه‌ و خۆپیشانده‌ران داوای خزمه‌تگوزاری و گۆڕینی پارێزگارانی ئه‌و پارێزگایانه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ مانگی رابردووشدا خۆپیشانده‌رانی پارێزگای زیقار له‌ باشووری عێراق بۆ هه‌مان مه‌به‌ست رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و له‌ژێر فشاره‌كانیان نازم وائلی، پارێزگاری ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌ به‌ كه‌سێكی "گه‌نده‌ڵ و خراپ" له‌ به‌ڕێوه‌بردن تۆمه‌تبار ده‌كرا، له‌ پۆسته‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.

دواتریش به‌ فه‌رمانی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌رپرسیارێتی پارێزگاری زیقار به‌ عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق درا.

H.B

Fly Erbil Advertisment