ڤاكیسنه‌كه له‌سه‌ر منداڵانی ئه‌مه‌ریكا تاقیده‌كرێته‌وه
كۆمپانیای مۆدێرنا تاقیكردنه‌وه‌كانی ڤاكسینی كۆرۆنای په‌ره‌پێدا

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
كۆمپانیای مۆدێرنا، رۆژی (16ی ئادار/ مارسی 2021) بڕیاری دا ده‌ست به تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌سه‌ر منداڵان بكات و ئه‌زموونه‌كه‌شی ناوناوه (KidCOVE)، هه‌موو ئه‌و منداڵانه ده‌گرێته‌وه، كه ته‌مه‌نیان له نێوان (6) مانگ بۆ (12) ساڵدایه.
ستیڤان بانسڵ، سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری كۆمپانیای مۆدێرنا له پێگه‌ی سه‌ره‌كی كۆمپانیاكه له رێگه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كه‌وه گوتی: "قۆناغی سێیه‌م و كۆتایی تاقیگه‌یی ڤاكسینی (mRNA-1273) له‌سه‌ر گه‌وران، كه ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو (18) ساڵییه‌وه بوو هانیداین كه لێكۆڵینه‌وه‌كانمان له‌سه‌ر منداڵان ده‌ستپێبكه‌ین، تا ئه‌م ته‌مه‌نه‌ش بۆ ئاینده سه‌لامه‌ت بن له تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته مۆدێرنه له‌م هه‌فته‌یه‌وه ده‌ست به تاقیكردنه‌وه‌كانی كرد".
به‌پێی راپۆرتێكی كه‌ناڵی "ئه‌ی بی سی 15"، دكتۆر "ستیڤ بلیمبتۆن" توێژه‌ری سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مۆدێرنا له ویلایه‌تی ئاریزۆنا گوتی: "له سه‌رله‌به‌یانی 16ی ئادار -ه‌وه، كه هاتوونه‌ته نووسینگه له‌سه‌ر هێڵی ته‌له‌فۆن بووم، په‌یوه‌ندیكردن به دوای په‌یوه‌ندیكردنم تۆماركردووه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ئه‌ریزۆناش ناژین و له شوێنی دیكه‌وه په‌یوه‌ندیان كردووه".
گوتیشی: "له جۆرجیاوه په‌وه‌ندیان كردووه، له تۆڵسۆن-ه‌وه په‌یوه‌ندیان كردووه، باوان به‌گشتی داوای كوتانی منداڵه‌كانیان ده‌كه‌ن".
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "ۆوڵ ستریت جۆرناڵ"، (750) منداڵ له رێگه‌ی باوانی خۆبه‌خشی ئه‌مه‌ریكییه‌وه خۆیان ناونووس كردووه بۆ قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌زموونی كوتان، كه ته‌مه‌نیان له نێوان (6) مانگ بۆ (12) ساڵدایه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، "تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی ئه‌مجاره له‌سه‌ر منداڵان له لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێشوو جیاوازتره، به‌و پێیه‌ی پڕۆسه‌ی كوتان به ڤاكسینه‌كه به‌م گرووپه له منداڵان له لایه‌ن باوانیانه‌وه شاره‌زایی پێشینه‌یی له‌باره‌ی ڤاكسینه‌كه هه‌یه، نه‌وه‌ك وه‌ك یه‌كه‌م گرووپی خۆبه‌خش له‌گه‌وران، كه ژماره‌یان (45) كه‌س بوو له مانگی (ئاداری 2000) بۆ یه‌كه‌مین جار له شاری سیاتڵ- واشنتۆن به ڤاكسینه‌كه كوتران، بێ ئه‌وه‌ی بزانرێت كاریگه‌ری نه‌رێنی چییه!".
بۆیه به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای مۆدێرنا گوتی: "یه‌كه‌مین پڕۆسه‌ی كوتان به ڤاكسینه‌كه به‌و (750) منداڵه ناونراوه لێكۆڵینه‌وه‌ی open-label".
گوتیشی: "وه‌ك پێشتر چۆن به دوو (ژه‌م) ڤاكسین گه‌وره‌كان كوتراون، ئاوه‌هاش به دوو ژه‌م منداڵانیش ده‌كوترێن، به‌ڵام به ئاستی جیاواز".

به‌پێی رای كۆمپانیای مۆدێرنا، به‌شێك له گه‌وه‌ره‌یی و گرنگی توێژینه‌وه‌كه له‌وه‌دایه، كه له رێگه‌ی وه‌رگرتنی خوێنیانه‌وه چاودێری ئه‌و منداڵانه ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دكتۆر ستیڤ بلیمبتۆن، توێژه‌ری سه‌ره‌كی لێكۆڵینه‌وه‌كانی مۆدێرنا له ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا گوتی: "پێشبینی ده‌كه‌ین هه‌ندێك كاریگه‌ری لاوه‌كی له‌سه‌ر منداڵانیش هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر له‌سه‌ر گه‌وران بینیومانه، ئه‌ویش هه‌ندێك كه‌س بۆ چه‌ند رۆژێك دوای وه‌رگرتنی ڤاكسینه‌كه، تووشی له‌رز و تا و ئازاری ماسولكه ده‌بوون، بۆیه پێویسته باوان ئاگاداربن و ئارامبگرن له‌سه‌ر منداڵه‌كانیان له‌كاتی هه‌ر ئه‌گه‌رێكی لاوه‌كی"، جه‌ختیشی كرده‌وه، "باوان دڵنیابن زۆر سه‌لامه‌ته".
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرتێكی "سی ئێن ئێن"یش پێده‌چێت توێژینه‌وه تاقیگه‌ییه‌كه‌ی ڤاكسینی مۆدێرنا فراوان بكرێت بۆ (6) هه‌زار و (750) منداڵ له هه‌ردوو وڵاتی ئه‌مه‌ریكا و كه‌نه‌دا.
بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ی منداڵان، له‌گه‌ڕی هه‌واڵه‌كانی شه‌وی 16ی ئادار -ی كه‌ناڵی "CBS نیوز"دا باسی ئه‌وه‌كرا، كه توێژینه‌وه‌كه ده‌كرێت به دوو گرووپه‌وه: گرووپی یه‌كه‌م كوتان به ڤاكسینه‌كه بۆ ئه‌و منداڵانه ده‌بێت، كه ته‌مه‌نیان له نێوان (2) ساڵ بۆ (12) ساڵدایه، به دوو ئاستی جیا ده‌كوترێن، ئه‌وانیش (50) مایكرۆگرام و (100) مایكرۆگرام. گرووپی دووه‌م ئه‌و منداڵانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان (6) مانگ بۆ (2) ساڵدایه و له‌سه‌ر سێ ئاست به ڤاكسینه‌كه ده‌كوترێن، ئه‌وانیش (25) مایكرۆگرام و (50) مایكرۆگرام و (100) مایكرۆگرام.
هه‌روه‌ها به‌پێی راپۆرته‌كه چاودێری منداڵه‌كان ده‌كرێت، بۆ ماوه‌ی (12) مانگ له دوای كوتانی ژه‌می دووه‌می ڤاكسینه‌كه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشكرایه، كه په‌یمانگای نیشتمانی بۆ هه‌ستیاریی و نه‌خۆشییه بڵاوه‌كان (NIDIA) و ده‌سته‌ی توێژینه‌وه و به‌ره‌وپێشچوونی بایۆمیدكل-ی پێشكه‌وتوو، كه به‌شێكه له نووسینگه‌ی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هاوكاری ئه‌م لێكۆلینه‌وه‌یه ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده مۆدێرنا تاكه ڤاكسین نییه كه بۆ منداڵان، به‌ڵكو كۆمپانیای ڤایزه‌ر به‌هه‌مان شێوه ده‌ستی كرد به به‌كارهێنانی ڤاكسینه‌كه له‌سه‌ر گه‌نجانی ته‌مه‌ن (16-17) ساڵ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له مانگی (كانوونی یه‌كه‌می 2020)ه‌وه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی خۆراك و ده‌رمانه‌وه رێگه به‌كۆمپانیاكه درا به‌كاری بهێنێت.
هه‌روه‌ها كۆمپانیای "جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن"یش له هه‌فته‌ی رابردوه‌وه ئه‌وه‌ی بڵاوكرده‌وه، كه پلانی داناوه منداڵانی (12-18) ساڵی به ڤاكسینه‌كه بكوترێن.
به‌ڵام ئه‌مجاره كۆمپانیای مۆدێرنا توانی تاقیكردنه‌وه‌كان په‌ره‌پێبدات به كوتانی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ منداڵانی نێوان (6) مانگ بۆ (12) ساڵ.
به‌پێی راپۆرتێكی پێشتری كوردستان24 له ئه‌مه‌ریكا، پڕۆسه‌ی كوتان به ڤاكسین له رێگه‌ی دوو كۆمپانیای ده‌رمانه‌وه‌یه، ئه‌وانیش: ڤاكسینی كۆمپانیای مۆدێرنا و ڤاكسینی فایزه‌ر-ی ئه‌مه‌ریكی و بایۆ ئین تاك-ی ئه‌ڵمانی پێكه‌وه.
كۆمپانیای مۆدێرنا-ی ئه‌مه‌ریكی یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ی له مانگی (ئادار/ مارسی 2020) له‌سه‌ر (34) كه‌س ده‌ستی پێكرد، ئه‌م ڤاكسینه به دوو ژه‌م له كه‌سه‌كه‌ی پێده‌كوترێت، كه (28) رۆژیان له‌نێواندایه، ڤاكسینه‌كه له به‌شێك له په‌ڕله‌ی (code)ی بۆماوه‌یی ڤایرۆسه‌كه (mRNA) وه‌رگیراوه.
هه‌رچی ڤاكسینی فایزه‌ر-ه، تاقیكردنه‌وه‌كانی له مانگی (ئایار/ مه‌ی 2020) ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر (80) كه‌س تاقیكرایه‌وه و دواجار له‌مانگی ته‌مووز هه‌زاران كه‌س به ڤاكسینه‌كه كوتران.
هه‌مان ته‌كنیكی ڤاكسینی مۆدێرنا له ڤاكسینی فایزه‌ر به‌كارهاتووه، واته په‌رله‌ی بۆماوه‌یی ڤایرۆسه‌كه به‌كارهاتووه بۆ دروستكردنی ڤاكسینه‌كه. ئه‌م ته‌كنیكه پێشتر له هیچ ڤاكسینێكدا به‌كارنه‌هاتووه بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ. ئه‌م ته‌كنیكه نوێیه بۆ یه‌كه‌مینجاره به‌كاردێت و ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتن و داهێنانێكی دیكه‌ی نوێی له بواری پزیشكیدا ئه‌نجام دا، بۆیه سه‌لامه‌ترین ڤاكسین ئێستا له جیهاندا مۆدێرنه و ڤایزه‌ره.
د.ی