بایدن پوتن بە بكوژ ناودەبات و ھەڕەشەی لێدەكات
دۆمای رووسیا: ھەر ھێرشكردنێك بۆ سەر پوتن ھێرشكردنە بۆ سەر وڵاتەكەمان

K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی "ئەی بی سی"، كە رۆژی چوارشەممە بڵاوكرایەوە، گوتی: لەو بڕوایە دایە سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن "بكوژە" و ھۆشداریشیدا لەوەی "باجەكەی دەدات".
كاتێك بێژەرەكە لێیپرسی، ئایا سەرۆكی رووسیا بە "بكوژ "دادەنێت"؟، لە وەڵامدا جۆ بایدن گوتی: "بەڵێ، وابزانم".
دوای ئەو وەسفكردنەی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی دۆمای رووسیا وەڵامی بایدنی دایەوە و گوتی: وەسفكردنی پوتن بە "بكوژ" و ھەڕەشەكردن لێی بەوەی "دەبێت باجەكەی بدات"، ھێرشكردنە بۆ سەر رووسیا.
فیاچیسلاڤ فۆلۆدین، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران (دۆما) لە پەرلەمانی رووسیا و نزیك لە سەرۆكی رووسیا، لە سەر ھەژماری تایبەتی خۆی لە سەر تێلیگرام نووسیی: "ئەم ھێستریایە لە ئەنجامی بێدەسەڵاتی و بێ تواناییە، پوتن سەرۆكمانە و ھەر ھێرشكردنێك بۆ سەر ئەو ھێرشكردنە بۆ سەر وڵاتەكەمان".
سەرچاوە: "فرانس پرێس"