پوتن به‌ توندی وەڵامی بایدن ده‌داته‌وه‌

"بكوژ ئەو كەسەیە، كه‌ خه‌ڵك به‌ بكوژ وه‌سف ده‌كات"

سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن
سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن لە وەڵامی لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆو بایدن گوتی: دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكان رووسیا لەبەرچاو بگرێت.

لە لێدوانێكیدا، وەك وەڵامدانەوە بۆ لێدوانەكانی ئەم دواییەی بایدن، كە ئەمیان ھەڕەشەی سەپاندنی سزاكانی بەسەر رووسیا كردبوو و سەرۆكی رووسیای بە "بكوژ" وەسفكردبوو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە، گوتی: "ئیدارەی ئەمەریكا دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ رووسیا ھەبێت، بەڵام تەنھا بە مەرجەكانی واشنتن، لە كاتێكدا رووسیا تەنھا بەو شێوە كاردەكات، كە لە بەرژەوەندی خۆی بێت".

پوتن گوتیشی: "ویلایەتە یەكگرتووەكان وا دەزانێت ئێمەش وەك ئەوین، بەڵام ئێمە جفرەیەكی جینی جیاوازمان ھەیە".

سەرۆكی رووسیا لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "سەبارەت بە لێدوانەكانی ھاوپیشەمی ئەمەریكایی، چی وەڵام بدەمەوە؟ پێی دەڵێم:  تەندرووست بە! ئومێدی تەندرووستی باشت بۆ دەخوازم"، ئاماژەشیكرد، ئەو، ئەو قسەیەی بۆ "گاڵتەكردن و پێڕابواردن" نەگوتووە.

ھەروەھا سەرۆكی رووسیا ئاماژەیكرد، "زۆر كەسانی شەرەفمەند و بەرێز لە ئیدارەی ئەمەریكا ھەنە و رووسیا پشت بەوان دەبەستێت".

بەپێی ئاژانسی "فرانس پرێس"یش سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتن، جەختیكردووەتەوە، "بكوژ ئەو كەسەیە، كە ئەوەی دیكە بەوە وەسف دەكات"، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ھاوتا ئەمەریكاییەكەی، كە پوتنی بە "بكوژ" وەسفكردبوو.

فرانس پرێس گواستوویەتیەوە، پوتن لە چەند لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتوویەتی: "بەردەوام خەسڵەت و سیفاتەكانی خۆمان لەكەسی بەرامبەردا دەبینینەوە و وا مەزندە دەكەین ئەو وەك خۆمانە".

گوتیشی: مۆسكۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن ناپچڕێنێت، بەڵكو بە پێی "بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆی" لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان كاردەكات.

Fly Erbil Advertisment