ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وڵات مانۆڕێكی سه‌ربازی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات
مانۆڕه سه‌ربازییه‌كه به كه‌شتیگه‌لی و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی وڵاتانی به‌شدار ئه‌نجام ده‌درێت

K24 - هه‌ولێر:
هێزی ده‌ریاوانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، به‌نیازی مانۆڕێكی سه‌ربازیی گه‌وره‌یه له‌گه‌ڵ به‌لجیكا و فه‌ره‌نسا و یابان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌كاتێكدا به‌هۆی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئیران، گرژی له‌ناوچه‌كه هه‌یه.
ئاژانسی "ئه‌سۆشێیتید پرێس" بڵاویكرده‌وه، مانۆڕه سه‌ربازییه‌كه له ده‌ریای كه‌نداوی عومان، به كه‌شتی هه‌رچوار وڵات ئه‌نجام ده‌درێت، كه كه‌شتیگه‌لی فه‌ره‌نسی "شارل دیگۆل" و كه‌شتی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكی "ی‌و ئێس ئێس ماكین ئالاند" و كه‌شتی جه‌نگی به‌لجیكی (HNLMS Leopold I) و كه‌شتی جه‌نگی یابانی (JS Ariake)، له‌گه‌ڵ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هه‌ر چوار وڵات.
مه‌شقه سه‌ربازییه‌كه له‌كاتێكدایه، ئێران له پابه‌ندبوونی به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی (2015) وه‌ستاوه، دوای ئه‌وه‌ی "دۆناڵد تره‌مپ"، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له له ساڵی (2018) له رێككه‌وتنه‌كه كشایه‌وه.
تا ئێستا ئێران كاردانه‌وه‌ی بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌ربازییه‌ی ئه‌مه‌ریكا نیشان نه‌داوه.
سه‌رچاوه: RT
د.ی