جه‌عفه‌ر ئیمێنكی: هه‌وڵی جددی هه‌ن كه رۆژی شه‌ممه هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتن
"ئاماژه‌ی ئه‌رێنی له‌ئارادان كه پڕۆژه یاسای بودجه به ته‌وافوق و رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا تێده‌په‌ڕێندرێت"
K24- هه‌ولێر:
جه‌عفه‌ر ئیمینكی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 ئاشكرای كرد، ئه‌و گه‌شبینه به‌وه‌ی شه‌ممه‌ی داهاتوو، كه هاوكاته له‌گه‌ڵ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر پرۆژه یاسای بودجه، هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتن.
جه‌عفه‌ر ئیمینكی گوتیشی: ئاماژه‌ی ئه‌رێنی هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو، هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرۆژه بودجه‌ی عێراق ده‌گه‌نه رێككه‌وتن.
جه‌ختیشیكرده‌وه، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بگه‌یه‌نرێنه ئاستی ده‌ستووری، به‌ڵام تا ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتوون، زۆرپێشێلكاری له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه كراون، به‌ڵام وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌وان باوه‌ڕی ته‌واویان به دانوستان و گفتوگۆ هه‌یه.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه له نێوان شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه شیعه‌كاندا كرا، كه‌مترین مافه‌كانی كوردی تێدا به‌رجه‌سته كرابوون و كه‌متر له‌و مافانه‌ی له رێككه‌وتنه‌كه‌دا به كورد درابوون، له سه‌نگی رێككه‌وتنه‌كه كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین، هه‌وڵی جددی له‌ئارادان بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك بگه‌نه رێككه‌وتن كه رۆژی شه‌ممه به ئه‌نجامی ئه‌رێنی كۆتایی دێت.
H.B