بۆ یەکەمجار خانمە پێشمەرگەیەک بڕوانامەیەکی شاهانەی بەریتانیی سەربازیی پێدەدەرێت

بە سەرکەوتوویی خولەکەی تەواو کردووە

میدیا مەستی لەکاتی راهێنان
میدیا مەستی لەکاتی راهێنان

K24- هەولێر:

خانمە پێشمەرگەیەک کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لە لایەن ئەکادیمیایی سەربازیی شاهانەی بەریتانیا ساندهورست، راهێنانی پێکرا و پلەی سەربازیی پێبەخشرا.

میدیا مەستی تەمەن 30 ساڵ، پێشتر وەک پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە خزمەتی کردووە و دواتر بەشداریی لە راهێنان و خولی ئەکادیمیی ساندهورستی کردووە.

لە مەراسیمێکدا، لە لایەن سوپای بەریتانیاوە بڕوانامەی تەواوکردنی خولەکە بە سەرکەوتویی درایە میدیا و 18 کەسی دیکە.

یەکەمجارە خانمێکی کورد لە راهێنانێکی ئاستبەرزی هاوشێوە بەشداریی دەکات و سوپای بەریتانیاش بە هەنگاوێکی کەم وێنە ناوی دەبات.

میدیا مەستی لەبارەی ئەو ئەزموونە نوێیەی رایگەیاندووە: ''دوو هەفتەی یەکەم سەخت بوو، بە تایبەت نووستن لە کەشوهەوایەکی زۆر سارد''.

میدیا شانازی بە بڕوانامەکەی دەکات و دەڵێت: ''هەرگیز بڕوام نە ئەکرد ئەم خولە تەواو بکەم و بگەمە ئێستا''.

بەریتانیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژ بە داعش، مەشق و راهێنان پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.