شهریار شێخله‌ر: گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی عێراق گه‌نده‌ڵییان كردووه‌ته سیسته‌ماتیك
شاره‌زای بواری ئابووری و كه‌رتی وزه و نه‌وت، شه‌هریار شێخله‌ر، له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه ئابوورییه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی عێراق رێگه‌یان بۆ گه‌نده‌ڵی خۆشكردووه و بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ببێته سیستماتیك.

K24 – هه‌ولێر:
شاره‌زای بواری ئابووری و كه‌رتی وزه و نه‌وت، شه‌هریار شێخله‌ر، له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه ئابوورییه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی عێراق رێگه‌یان بۆ گه‌نده‌ڵی خۆشكردووه و بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ببێته سیستماتیك.
شێخله‌ر گوتیشی: له ریبه‌ندی 180 وڵاتی جیهاندا عێراق له رووی گه‌نده‌ڵییه‌وه له پله‌ی 160ه‌مین وڵاتدایه.
هه‌روه‌ها گوتی: به گوێره‌ی راپۆرتی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندووقی دراو، له نێوان 2005 تا 2010، بڕی 65 ملیار دۆلار براوه‌ته ده‌ره‌وه. له نێوان 2005 تا 2007، بڕی 7 ملیار دۆلار براوه‌ته ده‌ره‌وه و هه‌روه‌ها به گوێره‌ی راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له 2017دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، له نێوان 2003 تا 2012 به‌غدا بڕی 27 ملیار دۆلاری بۆ كاره‌با خه‌رجكردووه و هه‌زار میگاوات كاره‌بای به‌رهه‌مهێناوه، له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان به بڕی 2 ملیار دۆلار ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێناوه.
هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، كۆمپانیا گه‌وره‌كانیش بوونه‌ته به‌شێك له‌و گه‌نده‌ڵییه و كۆمپانیای بی پی له كێڵگه‌ی رومێله نه‌وت ده‌رده‌هێنێت، له كاتێكدا كێڵگه‌كه 17 ملیار به‌رمیل نه‌وتی هه‌یه و نه‌وته‌كه‌ی ته‌نیا دوو كیلۆمه‌تر له ژێر رووی زه‌وییه، كه‌چی بۆ هه‌ر به‌رمیلێك دوو دۆلار وه‌رده‌گرێت و رۆژانه ملیۆنێك و نیو به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنێت و سێ ملیۆن دۆلاری ده‌ست ده‌كه‌وێت.
جه‌ختیكرده‌وه، له گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتی عێراقدا هیچ جۆره شه‌فافیه‌تێك نییه و ئه‌و گرێبه‌ستانه بوونه‌ته هۆی ره‌گداكوتانی گه‌نده‌ڵی و هیچ ئومێدێكیش به چاكبوونی ره‌وشه‌كه نییه.