واشنتن پێداچوونه‌وه بۆ گفتوگۆی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات
ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌و گفتوگۆیانه‌دا دیاری ده‌كرێت

K24- هه‌ولێر:
جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، مانگی داهاتوو ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا تاوتوێی پێداچوونه‌وه بۆ گفتوگۆی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كات.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ساكی گوتی، "ئامانجی سه‌ره‌كی روونكردنه‌وه ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌ركی هێزی هاوپه‌یمانان له مه‌شقپێكردنی هێزه عێراقییه‌كان و پێشكه‌شكردنی راوێژ بۆ رێگریكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش چڕ ده‌كرێته‌وه".
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، پێشتر عێراق داواكارییه‌كی فه‌رمیی پێشكه‌ش به ئیداره‌ی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كردبوو، بۆ دیاریكردنی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی ستراتیژی له نێوان هه‌ردوولا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوانیان و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، ئه‌مه‌ش به‌گوته‌ی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی عێراقی كه رۆژی سێشه‌ممه به ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌سۆشێیتد پرێس رایانگه‌یاندبوو.
گفتوگۆی ستراتیژی نێوان به‌غدا و واشنتن، كه له مانگی حوزه‌یران/ یۆنیۆی رابردووه‌وه ده‌ستی پێكردبوو، دوای كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا، بۆ یه‌كه‌م جاره له‌سه‌رده‌می ئیداره‌ی بایدن ده‌ستپێبكاته‌وه و ئامانج له‌و گفتوگۆیانه بۆ دیاریكردنی ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاته.
دوای ئه‌وه‌ی له مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری ساڵی رابردوو له هێرشێكی ئاسمانی ئهمهریكیدا له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی كوژران، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه گرژی تێكه‌وت.
دواتریش به پاڵپشتی گرووپه سیاسییه شیعه‌كان، بڕیاری ده‌رچوونی هێزه بیانییه‌كان كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندكرا.
دوای هاتنی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ ده‌سه‌ڵات، جارێكی دیكه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات رووی له باشبوونه‌وه كرده‌وه، به‌ڵام تا ئێستاش ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌نی شیعه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هاوسۆزن، به‌رده‌وام داوای ده‌رچوونی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق ده‌كه‌ن.
H.B