پەرلەمانتارێکی عێراق: ئامانج لە گۆڕانکارییەکانی بودجە پاشگەزکردنەوەی هەرێمە لە رێککەوتن
''ئەو لایەنانە گوێ بە دەستوور و یاسا نادەن''
K24- هەولێر:
د. محەمەد شاکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و پشکی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند: ''شاندی هەرێم بۆ ئەوە دەچێتەوە بەغدا، تاوەکو گفتوگۆ لەبارەی ئەو گۆڕانکارییە بکات کە لە دوای رێککەوتن و دەنگدان لەسەر ماددەکانی 10 و 11، ئەنجامدرا''.
راشیگەیاند: ''حکومەتی هەرێم سەرەتا لەگەڵ ئەو رێککەوتنە بوو کە لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامیدا، بەڵام دواتر لایەنەکان گۆڕانکارییان تێدا ئەنجامدا، حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەش، قایل بوو بە رێککەوتنە نوێیەکە و گەشتنە رێککەوتن''.
ئاماژەی بەوەشکرد: ''ئەو رێککەوتن و رەشنووسە نوێیەش، هەندێک لایەن جارێکی دیکە گۆڕانکارییان تێدا ئەنجامدا، ئەمەش ئەو لایەنانەن کە نایانەوێت رێککەوتن لەگەڵ هەرێم بکرێت. تەنانەت هەندێکیان نایانەوێت بودجە پەسەند بکرێت''.
ئەوەشی خستەڕوو: ''شیعەکان بوونەتە دوو بەرە، بەرەیەکیان وەک سائیرون و حیکمە لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەن. هەندێکی دیکەش وەک فەتح، فەزیلە و دەوڵەتی یاسا لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە نییە''.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئامانج لەو گۆڕانکارییە لە ماددەی 11 کراوە ئەوەیە، هەرێم ناچار بکەن رێککەوتنەکە نەکات. ئەمەش وەکو کارتێکی سیاسییە و دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانە.
ئەو پەرلەمانتارە گووتی: ''تەنانەت ئەگەر بە یاساش ئەو لایەنانە پابەند بکەین، دەبینن کێشە دروست دەکەن؛ ئەمەش لە یاسای قەرز بە روونی دەرکەوت''.
لەبارەی بەهای دۆلاریش، د. محەمەد شاکر رایگەیاند، ئەوەش کارتێکی سیاسییە و ئەو لایەنانە بەکاری دەهێنن کە دەیانەوێت بودجە پەسەند نەکرێت، ئەگەرنا کاری پەرلەمان نییە بەهای دۆلار دیاری بکات.
بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجە کۆببێتەوە.