گفتوگۆیه‌كی چڕ له لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه ده‌ستیپێكرد
له لیژنه‌ی دارایی ده‌نگدان له‌سه‌ر كۆی مادده‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه ده‌ستیپێكردووه و مادده‌ی یه‌كی پڕۆژه‌یاساكه‌ش په‌سه‌ند كراوه
K24- هه‌ولێر:
لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق كۆبووه‌وه و به‌گوته‌ی په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، گفتوگۆیه‌كی چڕ و پڕ له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و گوتیشی: چه‌ندین پێشنیازی نوێ هێنراونه‌ته ناو لیژنه‌ی دارایی بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌و پێشنیازانه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌كه‌وه ره‌تكراونه‌ته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 ئاشكرایكرد، له لیژنه‌ی دارایی ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و 58 مادده‌یه‌ی له پڕۆژه‌یاساكه‌دا هه‌ن ده‌ستیپێكردووه و مادده‌ی یه‌كی پڕۆژه‌یاساكه‌ش په‌سه‌ند كراوه، بڕیاریشه ده‌نگدان له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ماددانه بكرێت، ئینجا ده‌برێته ناو په‌رله‌مان.
هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌دا شه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن، په‌رله‌مانتاری كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ كوردستان24 له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی به‌ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی دانیشتنی په‌رله‌مان گوتی: تا ئێستا چه‌ندین كۆبوونه‌وه له‌نێوان فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراق ئه‌نجامدراون و لایه‌نی كوردستانی كێشه‌ی له‌سه‌ر هیچ خاڵێك نه‌بووه و له‌سه‌ر چه‌ندین خاڵیش گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، به‌ڵام هۆكاری تێنه‌په‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاساكه له په‌رله‌مان، به‌هۆی هه‌ندێك كوتله‌ی دیكه‌یه، كه له‌ناو خۆیان ناكۆكییان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك هه‌یه.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و لیژنه‌ی دارایی بڕیاریان داوه، ئه‌و خاڵانه‌ی رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه، دابڕێژرێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بخرێنه ده‌نگدانه‌وه و گوتیشی: ده‌نگدانه‌كه بۆ كاتژمێر 7:00ی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دواخراوه.
شه‌ڤاڵ حه‌سه‌ن گوتی: چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین، رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ش بكرێت كه تا ئێستا له‌سه‌ری رێكنه‌كوتوون، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن كرا، ئه‌وا كۆی پڕۆژه‌كه ده‌خرێته ده‌نگدانه‌وه، ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ش دوابخرێت، ئێمه وه‌ك كوتله كوردستانییه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه، به‌ڵام پێویسته لایه‌نه‌كانی دیكه له‌ناو خۆیان رێكبكه‌ون.
سه‌باره‌ت به دژایه‌تیكردنی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن چه‌ند كوتله‌یه‌كی وه‌ك: فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا و ناجی ئه‌لوه‌ته‌نی، ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده گوتی: ئێمه پێشبینی ئه‌وه‌مان كردووه، كه ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه ده‌كه‌ن، بایكۆتی دانیشتنه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌رده‌وامن.
تایبه‌ت به مادده‌ی 11ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ش كه تایبه‌ته به پشكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتی: ئه‌و مادده‌یه تایبه‌ته به شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه چه‌ند سازشێكیشمان له‌و مادده‌یه‌دا كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی دیكه تا ئێستا له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه رێكنه‌كه‌وتبن ئه‌وا هیچ گوناهی ئێمه نییه، چونكه كێشه‌كان له‌ناو كوتله‌كانی دیكه‌یه و لایه‌نه كوردییه‌كان هیچ گرفتێكیان نییه.
تا ئێستا لایه‌نه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق توانیویانه كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم له پڕۆژه‌یاسای بودجه له‌ناو خۆیان دروست بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مادده‌ی 11، له كۆبوونه‌وه‌كانیشدا هیچ پاساوێكییان بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه نه‌هێشتووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یاساكه په‌سه‌ند نه‌كرا، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ لایه‌نه كوردستانییه‌كان درێژ نه‌كرێت.
H.B