راگهیندراوێك له ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێرهوه
بههۆی بهرزبوونهوهی رێژهی تووشبوون به كۆرۆنا ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر ژمارهیهك بڕیاری نوێی دهركرد

K24- ههولێر:
بههۆی بهرزبوونهوهی رێژهی تووشبوون به پهتای كۆرۆنا، ئهمشهو ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر كۆبووهوه، دواتریش له راگهیهندراوێكدا ژمارهیهك بڕیاری نوێی بۆ رووبهڕووبوونهوهی ئهو پهتایه دهركرد.
وهك له راگهیهندراوهكهدا هاتووه، ژووری ئۆپهراسین تهواوی هێزه ناوخۆییهكان بۆ گرتنهبهری رێكاری توند بهرامبهر ههر كهس و لایهنێك دهستكراوه كردووه، كه پابهندی رێنماییهكانی خۆپارێزی و تهندروستی نابن و داواشی له هاووڵاتییان كردووه، پابهندی رێنماییهكان بن و جهختیشی كردووهتهوه، ههركهس و لایهنێك پابهند نهبێت، رێوشوێنی توندی یاسایی لهبهرامبهردا دهگیرێتهبهر.
دهقی راگهیهندراوهكهی ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر:
ئەمشەو2021.3.28، بهسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دیوانی پارێزگا، کۆبووەوه و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
یهكهم/ دوای وەرگرتنی راو سەرنجی لێژنەی زانستی و لێژنەی تەندروستی سەبارەت بە هەستیاری و مەترسیداری هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیاد بوونی مەترسیەکانی رۆژ دوای رۆژ بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان، تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی شارەوانیمان دەستکراوە کردووە لە وەرگرتنی رێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوکەس و لایەنانەی رەچاووی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) نابن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەکەمان، پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، بەپێچەوانەوە هەرکەسێك سەرپێچی بکات رێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
دووەم/ بەهەموو شێوەیەك، هەموو جۆرە گردبوونەوە، کۆبوونەوە، کۆڕ، سمینار و کۆنفراس، لەهۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی کراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵهكانی سینەما لە سەرجەم مۆڵ و بازاڕەکان داخراو دهبن، هێزەکانی ناوخۆ و تیمهكانی شارەوانی بەوردی چاودێری دەکەن، هەرکەس و لایەنێك سەرپێچی لەوبڕیارە بکات، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
سێیەم/ تەواوی ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەکان)، دەبێت سەرجەم رێنامییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ههرشوێنێك پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆر، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.
چوارەم/ دامەزراوە، فەرمانگە، بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنووری پارێزگاکەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ دەکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك) و دروستنەکردنی گردبوونەوە و قەرەباڵغی، هیچ هاوڵاتییەك بۆی نییە بۆ راییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامك) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەکی حکومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەك و فەرمانبەرێك سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە رووبەڕووی رێکاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.
پێنجەم/ کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانەکانیان بکەن، رەچاووی دووری مەودای مێزەکان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژوورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنووردار بکەن و پەنجەرە و دەرگاکان کراوە بن، بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت، لەکاتی پشکنینی لێژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردن، هەر شوێنك پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.
شەشەم/ پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەك راسپێردراون و بەرپرسیارن، هەرکەسێك پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
حەوتەم/ سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامك) ببەستن و پابەندی رێناماییە تەندروستییەکان بن، هەر کەسێك سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆ و مەفرەزەکانییهوه، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
هەشتەم/ دۆخەکە هەستیارە و رەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژ لەدوای رۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییانی شارەکەمان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامك)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لە هەموو لایەك دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و رەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
نۆیەم/ لەبەیانییەوە رۆژی دووشەمە 2021.3.29، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی هاووڵاتییان و پابەندبوونیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان، بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنەی نهێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەکات.
ئەو بڕیارانە سهرجهم قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (28)لەسەر(29)ی ئازاری 2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
28ی ئازاری 2021
H.B