بودجەی گشتی عێراق پەسند نەكرا
كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ كاتێكی نادیار دواخرا

K24 - ھەولێر
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021 پەسند بکات و کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
بەهۆی سوور بوونی بەشێک لەلایەن شیعەکان لەسەر دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021 پەسند بکات و کۆبوونەوەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
هاوکات موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، کە دوای نیوەشەوی رابردوو بڵاویکردەوە، هۆشداریدا لە دواخستنی پەسندکرنی بودجە و نوسیوویەتی، جارێکی دیکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەهۆی ناکۆکییە سیاسیی و حزبی و تائیفییەکانەوە، نەیتوانی بودجە پەسند بکات، پێویستە بە زووترین کات، بودجە پەسند بکرێت و چیتر دوانەخرێت.

پێشتر بهشیر حهداد جێگری سهرۆكی پهرلهمانی عێراق رایگەیاندبوو، پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهدا رێگر نییه لهبهردهم پەسەندكردنی بودجه، بەڵكو كێشەی نێوان لایەنەكانی دیكەی عێراقییە كە بودجە پەسند ناكرێت.
ھەرچەندە بڕیاربوو كاتژمێر 1ی شەوی رابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ پەسند كردنی بودجە درێژە بە كۆبوونەوە بدات، بەڵام بەھۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان جارێكی دیكە كۆبوونەوەكە دواخرا و دەرگای پەرلەمانی عێراق داخرا.
