توێژینەوەیەکی رانەگەیەندراوی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاودەکرێتەوە
باس لە چۆنیەتیی گواستنەوەی کۆرۆنا بۆ مرۆڤ دەکات
K24- هەولێر:
توێژینەوەیەکی هاوبەش لەسەر هۆکاری دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەریدەخات، سیناریۆی گواستنەوەی کۆرۆنا لە شەمشەمەکوێرەوە بۆ مرۆڤ لە رێگای ئاژەڵێکی دیکەوە، زۆرترین ئەگەری هەیە.
هەروەها، بەگوێرەی توێژینەوەکە کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی و چین ئەنجامیانداوە، ئەگەری ئەوەی کۆرۆنا لە تاقیگەیەک دزەی کردبێت، زۆر کەمە.
ئەنجامی توێژینەوەکە زۆر پرسیاری بێ وەڵام هێشتووەتەوە، بەتایبەت ئەوەی ئایا چین هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بووە بە جیهاندا یان نا.
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس، کۆپیەکی لە ئەنجامی توێژینەوەکە دەستکەوتووە، بەڵام هێشتا توێژینەوەکە بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەوبارەوە دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجامی توێژینەوەکە ئاشکرا دەکەن.
ئەسۆشیەتد پرێس، لە زاری چەند بەرپرسێکی رێکخراوی تەندروستی ئاشکرایکردووە، لە راپۆرتەکە چوار سیناریۆ بۆ چۆنیەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ ئاماژەی پێکراوە، جیا لە شەمشەمەکوێرە، باس لە خواردنی پارێزراو لە ساردکەرەوە و چەند جۆرێکی دیکەی ئاژەڵ کراوە، وەک پشیلە و مینک و پانگۆلین.
لەگەڵ ئەوەش، ئەگەری هەیە رەشنووی ئەنجامی توێژینەوەکە بگۆڕدرێت، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا ئاماژەی پێکراوە، چین بە تۆمەتباری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نازانرێت.