نێچیرڤان بارزانی گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ

لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس، لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، کۆدەبێتەوە.

پێش کۆبوونەوەکە، فەوزی ھەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كە یاوەری سەرۆكی ھەرێمە لە فەرەنسا بە كوردستان24ی راگەیاند: "وڵاتی فەرەنسا نیو سەدەیە رۆڵی گرنگی بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان ھەیە و داخوازییەكانی گەلی كورد، ھەوەھا رۆڵی ھەیە لە سەقامگیری كوردستان و ناوچەكە، بۆیە دیداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێم و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا گرنگی خۆی ھەیە، نزیكەی ساڵێك پێش ئێستاش ھەردووكیان لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبوونەوە و چەند پرسێكیان تاوتوێكرد".

گوتیشی: "فەرەنسا بەردەوام گفتوگۆی لەگەڵ سەركردەكانی كورد ھەبووە، لە ساڵی 1991 یەكێك بوو پشتگیری لە گەلی كورد كرد و لەگەڵ ئەمەریكا و بەریتانیا كوردستانیان پاراست، لە ساڵی 2010 سەرۆك بارزانی سەردانی فەرەنسای كرد و لە كۆشكی ئیلیزێ لەگەڵ سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنسا كۆبووەوە، دواتر لە كاتی شەڕی داعش فرانسۆ ئۆلاند سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنسا چەند سەردانی ھەرێمی كوردستانی كرد، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە پەیوەندیی ھەرێمی كوردستان و فەرەنسا گرنگ و بەھێزە و فەرەنسا بەردەوامە لە پشتگیری كردنی كورد".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە كۆبوونەوەكە باس لە جوڵەكانی داعش لە ناوچەكە دەكرێت، كە ئێستا جوڵەی پێشمەرگە زیادیكردووە و مەترسی گەورەی ھەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكە".

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێم ئاشكراشی كرد: "ھەرێمی كوردستان بەشداری لە گەڕی داھاتووی گفتوگۆی نێوان ئەمەریكا – عێراق دەكات، كە بڕیارە 7/4/2021 بەڕێوەبچێت".

 

پێشوازیی سەرۆکی فەرەنسا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پاریس فۆتۆ: AFP

Posted by Kurdistan24 on Tuesday, March 30, 2021