ماوەی تۆماری کارتی بایۆمەتری بۆ 15 رۆژ درێژکرایەوە
"رێژەی نوێكردنەوەی بایۆمەتری لە ھەولێر 64%ی تێپەڕاندووە"

K24 - ھەولێر
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەن کۆمیسیاران بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بۆ 15 رۆژی دیكە.
عەبدولرەزاق موشیر گۆران، بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری لە 1/4/2021 بۆ 15ی ھەمان مانگ".
روونیكردەوە: "پێشتر بڕیاربوو 1ی نیسان دوا وادە بێت، بۆ نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری، بەڵام بەھۆی کەمی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەکە".
عەبدولرەزاق موشیر، گوتیشی ھەموو رۆژەکانی ھەفتە بنکەکانی نوێکردنەوەی کارتی بایۆمەتری دەکرێنەوە بۆ پێشوازی لە ھاووڵاتییان".
ئاشكراشی كرد: "رێژەی تۆماری بایۆمەتری لە ھەولێر 64%ی تێپەرکردووە".