كوردستان24 ناوه‌ڕۆكی مادده‌ی 11ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی عێراق به زمانی كوردی بڵاوده‌كاته‌وه
ئه‌و مادده‌یه ماف و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له پرۆژه‌یاساكه‌دا روون ده‌كاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
مادده‌ی 11ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021ی عێراق كه تایبه‌ته به پشكی هه‌رێمی كوردستان و شایسته داراییه‌كانی، له 4 بڕگه پێكدێت، له هه‌رچوار بڕگه‌كه‌دا به‌ڕوونی باس له پابه‌ندییه‌كانی هه‌ریه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ دیاری ده‌كات.
ده‌قی مادده‌ی 11 له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی دارایی 2021ی عێراق:
مادده‌ی 11:
یه‌كه‌م/ شایسته‌كان له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 تا 2020 یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان وردبینی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش به له‌به‌رچاوگرتنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵانی رابردوو، كه حیسابه‌كانی كۆتایی ده‌ریده‌خه‌ن، كه له‌لایه‌ن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵه‌وه له‌چوارچێوه‌ی نه‌فه‌قاتی گشتی دوای لابردنی نه‌فه‌قاتی سیادی په‌سه‌ندكراون، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی نه‌فه‌قاتی فه‌رمانڕه‌وایی و ئه‌و شایسته داراییانه‌ی خه‌رج كراون، كه له یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵانی (2014 تا 2019) جێگیركراون.
دووه‌م/ أ- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به راده‌ستكردنی (250000) دووسه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خامی رۆژانه كه له كێڵگه‌كانی به‌رهه‌مده‌هێنێت به نرخی بازاڕگه‌ری نه‌وتی خامی هه‌نارده‌كراو له رێگه‌ی كۆمپانیای "سۆمۆ"ـوه، هه‌روه‌ها راده‌ستكردنی داهاته نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كان به خه‌زێنه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت، و ئه‌و بڕه نه‌وته‌ش كه له‌و رێژه‌یه زیاتر ده‌فرشێت بۆ به‌كاربردنی پێداویستی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و تێچووی به‌رهه‌مهێنان و به‌كارخستن و گواستنه‌وه به‌كارده‌هێنرێت.
ب- هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌بێت به خه‌رجكردنی شایسته‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ساڵی 2021 له پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی هه‌مان ساڵ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
ج- له‌ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به راده‌ستكردنی داهاته‌كانی فیدراڵی به خه‌زێنه‌ی گشتیی فیدراڵ، یانیش جێبه‌جێنه‌كردنی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی (أ) له‌و مادده‌یه، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ حوكمه‌كانی مادده‌ی (27- پێنجه‌م) له یاسای ئیداره‌ی دارایی ژماره 6ی ساڵی 2019 جێبه‌جێ ده‌كات، به بڕینی بڕی دیاریكراو به‌گوێره‌ی هه‌ردوو مادده‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م (أ) له‌و مادده‌یه و دواتر حیسابه‌كان یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه.
سێیه‌م/ أ- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داتا و زانیاری له‌باره‌ی ئه‌و قه‌رزانه پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی دارایی قیدراڵ ده‌كات، كه به‌هۆی نه‌ناردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ساڵانی 2014 تا 2019 له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ماونه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی نه‌فه‌قاتی فعلی و به‌گوێره‌ی بڕی ئه‌و شایسته داراییانه‌ی هه‌رێم كه له یاساكانی بودجه‌دا بۆ ساڵانی (2014 تا 2019) جێگیركراون و ده‌بێت له‌ماوه‌ی 30 رۆژدا له رێكه‌وتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و داتایانه پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بكات.
ب- لیژنه‌ی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ردوولا و به هاوكاری له‌گه‌ڵ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و دیوانی چاودێری هه‌رێمی كوردستان، پێداچوونه‌وه بۆ ئه‌و داتا و زانیارییانه ده‌كات، كه له بڕگه‌ی (أ)ی ئه‌و به‌نده‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه، ئه‌مه‌ش پێویسته له ماوه‌یه‌كدا بكرێت، كه له (90) رۆژ له رێكه‌وتی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه زیاتر نه‌بێت.
ج- پێویسته وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و پێداچوونه‌وه‌یه به به‌نده‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م)ی ئه‌و مادده‌یه و گرتنه‌به‌ری رێكاری گونجاو بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان و پابه‌ندییه داراییه‌كان به‌شێوه‌ی گوژمه‌ی ساڵانه.
چواره‌م/ وه‌زاره‌تی دارایی له ساڵی 2021ـه‌وه ده‌ست به كه‌مكردنه‌وه‌ی قسته‌كانی قه‌رزه كهڵكهبووهكانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن بانكی بازرگانی عێراقییه‌وه پێیدراوه، بۆ ئه‌وه‌ی خشته‌ی قه‌رزه‌كان له ساڵی 2021ـه‌وه بۆ ماوه‌ی 10 به‌رده‌وام بێت.
H.B