له‌ هه‌ولێر چه‌ندین شوێن به‌هۆی سه‌رپێچی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی داخران

لە ماوەی (3) رۆژی رابردوودا بە ھۆی پابەندنه‌بوونی رێنماییەکان ژماره‌یه‌ك شوێن سزادراون

له‌ هه‌ولێر (70) شوێن به‌ هۆی سه‌رپێچی داخران
له‌ هه‌ولێر (70) شوێن به‌ هۆی سه‌رپێچی داخران

K24 - هه‌ولێر:

بۆ سنوردارکردنی ئامارەکانی تووشبون بە کۆرۆنا و راگرتنی بەرزبوونەوەی ئامارەکان لە پارێزگای ھەولێر، چەندین رێکار گیراونەتەبەر، جگە لەوەی چەندین شوێن بە ھۆی سەرپێچەوە داخراون و بەشێکیشیان سزا دراون، کارکردنی نۆرینگە پزیشکییەکانيش بە ھاوکاری لەگەڵ سەندیکای پزیشکان رێکدەخرێنەوە.

رێکارەکانی خۆپارێزی توندتر دەکرێنەوە و کاری تاقیگە و نۆرینگە پزیشکییەکانیش سنوردار دەکرێت و پابەند دەکرێن بە کەمترین سەردانکەر لە رۆژێکدا.

دلۆڤان محه‌مه‌د، بەڕێوبەری تەندروستی ھەولێر ئاشكراى كرد، ئامارەکان بەرزن و ھێشتا تووشبوويه‌كى زۆر لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مەترسییەکەش داوا ده‌كات کاری نۆرینگەکان رێکبخرێنەوە.

لیژنەکانی قایمقاميه‌ت راسپێردراون سەرجەم رێکارە تەندروستییەکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و ھەر کەسێکیش پابەند نەبێت بە پێی ئەو بڕیارانەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ھەولێر دیاری کردووە، سزا دەدرێن.

نەبەز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی ناوه‌ندى ھەولێر گوتی: "نامانه‌وێت كاسبی خه‌ڵك تێكبچێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵك پابه‌ند نه‌بێت، ئه‌وا بڕیاری دیكه‌ ده‌ده‌ین، له‌ ماوه‌ی رابردووشدا چاودێری شوێنه‌ گشتییه‌كانمان كردووه‌ و رێگه‌مان نه‌داوه‌ یانه‌ شه‌وانه‌كان كراوه‌ بن، شوێنی نێلگه‌كێشانیش، كه‌ هۆیه‌كه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ی گه‌نجان، رێگریمان لێكردووه‌ بكرێنه‌وه‌".

بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی تەندروستی و داخستنی ئەو شوێنانەی کە قەرەباڵغی دروست دەکەن و سنوردارکردنی سەردانیکەرانی نۆرینگەکان، چەند رێکارێکی گرنگ لە ھەولێر گیراونەتەبەر، لە ماوەی (3) رۆژی رابردووشدا زیاتر لە (70) شوێن سزادراون، بە ھۆی ئەوەی پابەندی رێنماییەکان نەبوون.

د.ی

Fly Erbil Advertisment