سەرژمێری له عێراق دوادەخرێت
"ئەگەر دۆخی ناوچهكه ئاسایی نەکرێتەوە؛ ئەوا زیان بە کورد و چارەنووسی دانیشتووانی سنووری ماددەی (140) دەگەیەنێت"

K24 - ههولێر:
سەرژمێری له عێراق جارێکی دیكه بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخرێت، بە قسەی سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش سەرژمێری لە عێراق ئەنجام نادرێت، پێشی واییە ئەو بودجەیەش کەمە، کە دانراوە بۆ سەرژمێری لە کاتێکدا بە ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت.
ئەندامێکی لیژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئاماژهی بهوه كرد، بهر له سەرژمێری جارێ کێشەی ئاساییکردنەوەی ئەو ناوچانە ماوە، کە پێویستە بکرێت.
بڕیاربوو كۆتايى ئهمساڵ سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو ناوچانەش بەڕێوەبچێت، کە بە سنووری ماددەی (140) ناسراون. به پێی بڕیارەکە دەبووایە ساڵی (2007) جێبەجێ بکرێت و بۆ ساڵی (2017) و دواتر بۆ ساڵی (2020 ) و دواجاريش بۆ ساڵی (2021) دواخرا، لەگەڵ ئەوەی ھیچ ئامادەکارییەك بۆ سەژمێری نەکراوە و لە رووی تەکنیکییەوەش ھیچ بوجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە.
سیروان محهمهد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، ئەمساڵێش سەرژمێری ئەنجام نادرێت و بەشێک لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە ھەڵواسراوی ماون، بەتایبەت سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، کە کورد لە ناوچانه دووبارە تووشی تەعریب و ئاوارەیی بووەتەوە و ئەگەر دۆخەکەی ئاسایی نەکرێتەوە ئەوا زیان بە کورد و چارەنووسی دانیشتووانی سنووری ماددەی (140) دەگەیەنێت.
شاخەوان عهبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری ھەرێم روونیكردهوه، تا بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە ئاسايی نەکرێنەوە و خەڵکەکەی نەگەڕێنەوە، بە ھیچ شێوەیەك كورد رازى نابێت سەرژمێری ئەنجام بدرێت.
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە لە مانگی (11)ی ئەمساڵ سەرژمێری لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا ئامادەکارییەکان دەستیان پێ نەکردووە، لە کاتێکدا لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق بڕیاری داوە بە ئەلیکترۆنی بێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو بوجەیەى بۆ سەرژمێری دانرابوو، زۆر کەمترە لەوهى داواکرابوو، پێویستە بگوترێت كۆتا سەرژمێری لە عێراق ساڵی (1997) بەڕێوەچووە، ئەوكات ھێشتا رژێمی بەعس لە دەستەڵاتدا بوو و پڕۆسەی سەرژمێریش ھەرێمی كوردستانی نەگرتەوە.
د.ی