نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا هەفتەی دیپلۆماسی رێکدەخات

چالاکییەکان لە رێگەی ئۆنلاینەوە پێشکەش دەکرێن

هه‌فته‌ی دیپلۆماسی له‌ فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
هه‌فته‌ی دیپلۆماسی له‌ فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

K24 – ئه‌وروپا:

لە نوێترین پڕۆژەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، رۆژانی (12 تا 18ی نیسان/ ئەپرێلی 2021)، کۆمەڵێک وێبینار بۆچەندین کەسایەتی و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدەرەوە سازدەکات.

د. عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و خاوەنی بیرۆکەی پڕۆژەکە، بۆ کوردستان24  مەبەستی سازکردنی وێبینارەکەی روونکردەوە، وەک بەشێک لە چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە رێگەی پرۆگرامی زوومەوە لەسەر پرس و بابەتی جیاواز، هەر جارە و لەگەڵ پسپۆڕێک لەو بوار و بابەتانەدا چەند وێبینارێک سازدەکەین.

روونیشكرده‌وه‌، ئەم پڕۆژەیە ئامانجی زۆر لەخۆگرتووە، دەیەوێت وەک پردی نێوەند بێت بۆ ئاڵوگۆڕ و دروستکردنی گفتوگۆ لەسەر بابەتی جیاواز و هەمەجۆر و هەستیار، ئەم وێبینارانە هەوڵێکە بۆ گرێدانی کوردانی دیاسپۆرا و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خاڵێک بۆ پەیوەندی دروستکردن لە نێوان خەڵکی شارەکانی کوردستان و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس بەبێ جیاوازی پردێکی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی کوردستان و نوێنەراییتیەکانی دەرەوە درووست بكات، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزمونی یەکتر وەربگرن.

د. عەلی دۆڵەمەری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بۆ خۆپارێزی و رێزگرتن لە بڕیارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا، پڕۆژەکە لە سمینارەوە گۆڕاوە بە وێبینار، لەپێناو بەشداری و بینینی زۆرترین کەس و سوودوەرگرتن لە باس و بابەتەکان.

بەشدارانی وێبینارەکە، کە رۆژانە لەکاتی جیاوازدا دوو وێبینار بەڕێوەدەچێت، لە رێی بەرنامەی زوومەوە و فەیسبوکی نوێنەرایەتییەوە هەموان دەتوانن گوێبیست و بینەری وێبینارەکان بن، هه‌ر لە رێگه‌ی فەیسبووکەوە (20-25) خولەک دەتوانن بەلایڤ بیبینن، دواتر تەنیا هاووڵاتیانی بەشداری بەرنامەی زووم دەتوانن بەردەوام بن لە بینینی گفتۆگۆکانی ناو وێبینارەکە و دەرفەت بۆ (100) کەس هەیە، کە پێشتر ناویان لە رێی تۆڕەکۆمەڵایەتی و لینكی سایتی (حکومەتی هەرێمی كوردستان/ نوێنەرایەتی فەرەنسا)، تۆمارکردبێت، ئەو لینکانەی زووم کە بڵاوکراونەتەوە دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن و راستەوخۆ بەشداری وبێبینار و گفتوگۆکان بن.

وێبینارەکان بەپێی ئەم رۆژ و کاتانە بەڕێوەدەچن
وێبینارەکان بەپێی ئەم رۆژ و کاتانە بەڕێوەدەچن

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، گرنگی ئەو پڕۆژەیە و بەردەوامیدان بەو وێبینارانە و پڕۆژەی داهاتوویاندا به‌ کوردستان24ی ئاشكرای كرد، ئەم پڕۆژانە زۆر گرنگن، بە تایبەتی بۆ قوتابیانی بەشی رامیاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆکانی کوردستان، کە دەتوانن سوود لە ئەزمونی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتییەکان وەربگرن و بابەتی ئەکادیمی و زانستی لە سەر کاری نوێنەرایەتییەکان دروستبکەن و بە یەکەوە لۆبی و دیپلوماسی کورد بەرەو پێشەوە ببەن.

ئاشكراشی كرد، لە داهاتوودا دەتوانین پاش تێپەڕاندنی قەیرانی پەتای کۆرۆنا کۆنفرانسێکی زانستی لە کوردستان بە هاوکاری زانکۆکانی کوردستان بۆ لۆبی و دیاسپۆرا و دیپلوماسی کورد ساز بکەین.

 

د.ی

Fly Erbil Advertisment