بڕیار لەبارەی رێكارەكانی مانگی رەمەزان دەدرێت
ليژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر
رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ليژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و بڕيار لە بارەی دۆخی تەندروستی و رێكارەكان بۆ مانگی رەمەزان دەدرێت و گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی خوێندن دەكرێت".
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر بە كوردستان24ی راگەياند "كاتژمێر 02:30 دوای نیوەڕۆ ليژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە. بەگوێرەی ھەڵسەنگاندی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕيار لە بارەی رێكارەكانەوە دەدرێت".
ھەر پەیوەست بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی گوت: "لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆچوونی خۆیان لەبارەی دۆخەكە دەخەنەڕوو، ئەوەی پێویست بێت بڕیاری لێدەدرێت".
لەبارەی پرۆسەی خوێندن گوتی: "وەزارەتی پەوەردە و خوێندنی باڵا راوبۆچوون دەخەنەڕوو، درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن بە ھەرشێوەیەك بێت بە گرتنەبەری رێكارە تەندروستییەكان دەبێت".
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، سەبارەت بە گۆڕانكاری لە رێكارەكان ئاماژەی بەوەدا: "لەم دۆخەدا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ ناكرێت، چونكە بۆ ھەر بڕیارێكی نوێ پێویستمان بە كاتە، ھێشتا ناتوانین بەم چەند رۆژە لە راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە دەرئەنجامەكان بگەین".
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، یەكێكی دیكە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پرۆسەی خوێندن دەبێت، كە لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەی پەروەردە و خوێندن باڵا لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە و یەكێتی مامۆستایان بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە و پێشنیازەكان، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەخرێنەڕوو.
بەھۆی ھەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان بە كۆرۆنا، لە 7/4/2021 لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا بە قەدەغەی ھاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان لە كاتژمێر 8ی شەو تا 6ی بەیانی.