"مۆساد لە پشت رووداوی پێگەی ئەتۆمی ئێرانە"
"ئاژانسی ھەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) ھێرشێكی سیبرانیی دژ بە دوامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی ئێرانی ئەنجامدا"
K24 – ھەولێر:
ئێوارهی ئهمڕۆ ئێزگەی گشتی ئیسرائیل (كان)، لە ھەندێك سەرچاوەی ھەواڵگری گواستییهوه، دەزگای مۆساد لە پشت رووداوەكەی دامهزراوهی ئەتۆمی ئێرانە، بهبێ ئهوهی ناسنامهی ئهو سهرچاوانه ئاشكرا بكات.
سەرچاوەكان گوتیان: ئاژانسی ھەواڵگری ئیسرائیلی (مۆساد) ھێرشێكی سیبرانیی دژ بە دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی ئێرانی ئەنجامدا.
پێشتر گوتەبێژ بە ناوی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، بەھرۆز كەمالوەندی جەختیكردەوە، تۆڕی دابەشكردنی كارەبا لە دامەزراوەی نەتەنز بەرەبەیانی یەكشەممە دووچاری رووداوێك بووەتەوە و ھیچ زیانی گیانی و تیشكدانهوهی لێنەكەوتووەتەوە، ئاماژەشیكرد، لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی ھۆكارەكانی رووداوەكە بەردەوامە.
سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی، عەلی ئەكبەر ساڵحی رایگهیاند، ئەو رووداوە لێڵەی لە بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە لە دامەزراوەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم روویدا دەستێكی لە پشت بووە.
سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی لە چەند لێداوانێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە رووداوەكەی نهتهنزی به "جوڵەیهكی قیزەوەن و تیرۆری ئەتۆمیی سەركۆنەكراو" وهسف كرد و جەختیكردەوە، ئەو رووداوە ئاماژەیە بۆ بێ توانایی بەرھەڵستكارانی پێشكەوتنی پیشەسازی و سیاسی لە ئێران و پێشكەوتنی ئەتۆمی لەو وڵاتەدا.
ھەروەھا ساڵحی ئاماژەیكرد، رووداوی نەتەنز نیشانەی بێ توانایی ئهوانهیه كه بهرههڵستی دانوستانی ئەتۆمی دهكهن، ئهمهش بهوهی كه ئهو دانوستانانه دهبنه هۆی لابردنی سزا ئەمەریكاییەكان لەسەر ئێران.
ساڵحی داوای لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كرد، "رووبهڕووی تیرۆری ئەتۆمی دژ بە ئێران ببێتهوه"، گوتیشی: تاران "مافی وەڵامدانەوەی ئەنجامدەرانی رووداوی نەتەنز و ههموو ئهوانهی ههیه، كه دهستیان له پشت ئهو رووداوهیه و پشتیوانییان دەكەن".
سەرۆكی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بەڵێنی دا، وڵاتهكهی بەجددی كار بۆ پێشخستنی پیشەسازی ئەتۆمی و لابردنی سزاكان بكات "بۆ پووچەڵكردنەوە ئەو ھەوڵە نەزۆكانە".
لێدوانەكانی ساڵحی ھاوكاتە لەگەل راگەیاندنی سەرۆكی تیمی تەكنیكی پەیوەست بە ڵێكۆڵینەوە لە رووداوی نەتەنز، شەھید ئەحمەدی رۆشن، كه رایگهیاندووه، ھەموو ئەوەی له دەزگاكانی راگەیاندن سەبارەت بە ھۆكارەكانی ئهو رووداوه باسدهكرێت، تەنھا "قەرەباڵغی راگەیاندنە".
ئەمە دوای ئەوە ھات، سەرۆكی ئێران، حەسەن رۆحانی، دوێنی رایگەیاند، گازی یۆرانیۆم "uf6"خراوەتە ناو ئامێرەكانی سەنتەرفیۆچ لە پێگەی نەتەنز.
لە تەممووزی رابردوو، دامەزراوەی نەتەنز دووچاری تەقینەوەیهك بووەوە و دواتر دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، "كارێكی وێرانكارانە بووە".
سەرچاوە: رۆیتەرز