كۆشكی سپی: گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستپێده‌كه‌ین
كات و شوێنی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانیش ئاشكرا ده‌كات.. له نزیكترین كاتدا ئه‌نجام ده‌درێن
![جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Apr-2021/1618424336JIN-SAKI.jpg)
K24- هه‌ولێر:
گوته‌بێژی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد، بڕیاره رۆژی پێنجشه‌ممه گفتوگۆی ناڕاسته‌وخۆ له نێوان واشنتن و تاران بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: گفتوگۆكان له شاری ڤییه‌نای پایته‌ختی نه‌مسا ده‌ستپێ ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بخاته‌ڕوو.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ئه‌مڕۆ عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتیكرده‌وه، پێویسته گفتوگۆكانی ئه‌مجاره له‌گه‌ڵ رۆژئاوا له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران درێژه نه‌كێشێت و گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ نادات راستییه‌كان له دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ساڵی 2015 قبووڵ بكات".
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش له تویتێكدا هۆشداری دایه ئه‌مه‌ریكا و دووپاتیكرده‌وه، "ته‌نیا یه‌ك بژارده له‌به‌رده‌م ئیداره‌ی بادن هه‌یه، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی".
زه‌ریف جه‌ختی كرده‌وه، "تیرۆری ئه‌تۆمی له نه‌ته‌نز ده‌ستپێكێكی مه‌ترسیداره و كۆنترۆڵكردنی مه‌حاڵه، ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی كۆتاییهێنان به تیرۆری ئابووری ئه‌مه‌ریكا نه‌بێت، كه ئیداره‌ی پێشووی ئه‌و وڵاته به سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ ده‌ستی پێكردبوو".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتیشی: جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كاتی زۆری به‌ده‌سته‌وه نییه بۆ ئه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێران لاببات.
هه‌ر ئه‌مڕۆش حوسێن موسه‌ویان، ئه‌ندامی تیمی دانوستانكاری ئه‌تۆمیی ئێران له دانوستانه‌كانی پێشوودا هۆشداری دا، له‌وه‌ی كه سزاكان و تیرۆری ئه‌تۆمیی ئه‌مه‌ریكی و ئیسرائیلی، له‌كۆتاییدا ده‌بنه هۆی به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه.
هه‌روه‌ك حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێرانیش جه‌ختی كرده‌وه، ده‌ستپێكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه به‌ڕێژه‌ی 60%، یه‌كه‌م وه‌ڵامه بۆ ئه‌و هێرشه سیبرانییهی كراوه‌ته سه‌ر دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی نه‌ته‌نز.
به‌ر له چه‌ند رۆژێك له‌ڕێگه‌ی هێرشێكی ئه‌لیكترۆنییه‌وه، دامه‌زراوه‌ی نه‌ته‌نز له ئێران كرایه ئامانج و تاران په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ئه‌و هێرشه‌ی بۆ ئیسرائیل درێژ كرد و راشیگه‌یاند، رێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60% به‌رز ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م بڕیاره‌ی تارانیش كاردانه‌وه‌ی واشنتنی به‌دوای خۆیدا هێنا و له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، جین ساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی نیگه‌رانی وڵاته‌كه‌ی له‌و هه‌نگاوه‌ی ئێران نیشاندا.
دوای ئه‌و هێرشه‌ش كه‌شتییه‌كی بازرگانی ئیسرائیلی له كه‌ناراوه‌كانی ئیمارات به مووشه‌كێك كرایه ئامانج و ته‌لئه‌ڤیڤیش ئێرانی به‌و كاره تۆمه‌تبار كرد.
H.B
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز