ئیمارات ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر دەكات
ئیمارات بەتوندی سەركۆنەی ئەو كارە تاوانكاریانە دەكات و بەبەردەوام گشت جۆرەكانی توندوتیژی و تیرۆر رەتدەكاتەوە

K24 – ھەولێر:
وڵاتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی بە توندی ھێرشە تیرۆریستییەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لە ھەرێمی كوردستان ئیدانەكرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە رایگەیاندراوێكدا داوایكرد، گرژییەكان كەم بكرێنەوە و دان بەخۆدا بگیرێت و لایەنەكان دوور بكەونەوە لە ھەر رەفتارێك، كە ھەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەكە بكات.
جەختیشیكردەوە، دەوڵەتی ئیمارات بەتوندی سەركۆنەی ئەو كارە تاوانكاریانە دەكات و بەبەردەوام گشت جۆرەكانی توندوتیژی و تیرۆر رەتدەكاتەوە، كە ئامانج لێیان شلەژاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە و لەگەڵ بەھا و پرێنسیپەكانی مرۆڤایەتی دژیهكن.