دانيشتنى په‌رله‌مانى توركيا بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى پشێوى تێكه‌وت
پەرلەمانی تورکیا به مه‌به‌ستى ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه ياساى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانى كورد كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ده‌ستپێكرد، به‌ڵام له سه‌ره‌تاى دانيشتنه‌كه‌وه به هۆى ناڕه‌زايه‌تى ژماره‌يه‌ك له په‌رله‌مانتاران پشێوى درووستبوو.

K24 – هه‌ولێر:
پەرلەمانی تورکیا به مه‌به‌ستى ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه ياساى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانى كورد كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ده‌ستپێكرد، به‌ڵام له سه‌ره‌تاى دانيشتنه‌كه‌وه به هۆى ناڕه‌زايه‌تى ژماره‌يه‌ك له په‌رله‌مانتاران پشێوى درووستبوو.
ئه‌و پرۆژە یاسايه له لايه‌ن پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى ئيسلامييه‌وه ئاماده كراوه و تێيدا داوایکردووە، کە بە ماددەیەکی کاتی بۆ ماوەی 15 رۆژ، یاسای پارێزبەندی پەرلەمانتاران لە دەستووری تورکیادا هەڵپەسێردرێت و ئەو پەرلەمانتارانەی دۆسیەکانیان رەوانەی پەرلەمان کراوە (138 پەرلەمانتار) پارێزبەندییەکانیان هەڵبگیرێت.
رۆژی سێشه‌ممه 17ى ئايار/ مايۆى 2016، له دانیشتنێكی ئاسایی‌دا تاووتوێکردنی یه‌كه‌م خولی پرۆژە یاسایەکە بەڕێوەچوو، بە کۆی 348 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 155دەنگی نەخێر، یەکەم مادەی پرۆژە یاساکە پەسند کرا.
ئەگەر لە دانیشتنەکەی ئه‌مڕۆدا 367 پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگیان بە رەشنووسەکەدا، ئەوا راستەوخۆ پەسند دەکرێت.
ئەگەر کەمتر لە 367 و زیاتر لە 330 پەرلەمانتار دەنگیان پێدا، رەشنووسەکە دەخرێتە راپرسييه‌وه.
بەو پێیەی کە جگە لە سەرۆکی پەرلەمان ئاک پارتی 316 کورسی پەرلەمانی هەیە و مەهەپەش 40 کورسی، ناتوانێت راستەوخۆ پارێزبەندی پەرلەمانتاران هەڵبگرێت و دەبێت بیخاتە راپرسييه‌وه مەگەر ئەوەی کە پەرلەمانتارانی جەهەپەش بە "بەڵێ" دەنگ بدەن.
بەهۆی ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بۆ پرۆژەکەی ئاک پارتی بە نهێنی بەڕێوەدەچێت، تا کاتی راگەیاندنی ئەنجامی دەنگدانی پەرلەمانتاران، بە دڵنیاییەوە نازاندرێت کە ئایا پەسند دەکرێت، یاخود پێویستی بە راپرسى دەبێت یان رەتدەکرێتەوە.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری تورکیا و ئاک پارتی دەیانەوێت بە هەموو جۆرێک پارێزبەندی ئەو پەرلەمانتارانە هەڵبگیرێت.
ئەگەر 367 دەنگ بە دەست نەهێنێت، ئەوا سەرۆک کۆمار دەیخاتە راپرسييه‌وه. ئامانجی ئەو راپرسييه، بە تەنیا هەڵگرتنی پارێزبەندی نابێت، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ وەرگرتنی بۆچونی خەڵکی تورکیا دەبێت لەبارەی گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، ئەردۆغان لە رێگەی ئەو راپرسييه چاوەڕوانکراوەوە لە خەڵکی وڵاتەکەی دەپرسێت: "سیستمی سەرۆکایەتیتان دەوێت یاخود نا؟"
بۆچونێکی دیکەش هەیە کە "دەسەڵاتی تورکیا نایەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خۆی بخاتە ناو بەرپرسیارییەتییەکی ئەوەندە گەورەوە کە لەکۆی 59 پەرلەمانتاری هەدەپە پارێزبەندی 50 پەرلەمانتاریان هەڵبگرێت و رەوانەی زیندانیان بکات، هەر بۆیە راپرسى ئەنجام دەدات و بڕیارەکە بۆ خەڵکی تورکیا جێدەهێڵێت".
667 دۆسیە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی 138 پەرلەمانتار رەوانەی پەرلەمان کراوە، زیاد لە نیوەیان بە تەنیا لەسەر پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەیە کە 405 دۆسیەیە و جەهەپە 192 دۆسیە، ئاک‌پارتی 46 دۆسیە و مەهەپە 20 و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ 5 دۆسیە.