پێشمەرگەیەكی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە سلێمانی دەستگیر كرا
كەسوكاری تۆمەتانەكان رەتدەكەنەوە

K24 – ھەولێر
دوای چەند رۆژێك بێسەروشوێن بوونی پێشمەرگەیەكی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئاشكرا كرا كە ئەو پێشمەرگەیە لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیر كراوە، كەسێكی خانەوادەی ئەو پێشمەرگەیەش ھەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە دراونەتە پاڵ كوڕەكەیان.
رۆژی 13/4/2021، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەناوی (سمکۆ بەنەفشی) لە سلێمانی بێسەروشوێن دەبێت، دوای چەند رۆژێك سۆراغكردنی كەسوكاریی و حزبەكەی، دەركەوت ئەو كەسە لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیر كراوە.
ئەندامێكی بنەماڵەی سمکۆ بەنەفشی كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24ی گوت: "دوای سێ رۆژ بێسەروشوێن بوونی سمكۆ بۆمان دەركەوت لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراوە و چەند تۆمەتێكی خراوەتە پاڵ كە ھیچ بنەمایەكی نییە".
روونیكردەوە: "یەكێك لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی سیخوڕیكردنە، كە تۆمەتێكی بێ بنەمایە و چونكە سمكۆ دوورە لەو شتانە و پێشمەرگەیە و باوەڕپێكراوی حزبە".
ھەر پەیوەست بەو پرسە سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە: "پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بەناوی (سمکۆ بەنەفشی) لەسلێمانی لەلایەن هێزه ئەمنيیەكانەوه به تۆمەتی ئەمنی دەستبەسەر کراوە. هەر لەدوای ئاگادار بوون لەلایەن بەشی ئەمنییەتی کۆمەڵە، لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم کەیسە دەستیپێکرد. کۆمەڵە، بۆ تێکنەچوونی رێرەوی لێکۆڵینەوەکان هیچ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو نەکردەوە. سەرئەنجام دوای لێکۆڵینەوەكان دەركەوت کە ناوبراو بەتۆمەتی جاسوسی لە لایەن یەکێک لەهێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کراوە".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئەوەخراوەتەڕوو: "کۆمەڵە چاوەڕوانی دەرئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری دادگایە. زۆربەی ئەو لێدوان و هەواڵانەی کە لەچەند رۆژی پێشوودا، دەربارەی ئەم کەیسە بڵاو کراوەتەوە، رەتدەکاتەوە و بەدڵنیاییەوە ئەم لێدوانانە لەلایەن نەیارانی کۆمەڵە و بەمەبەستی چەواشەکاریی بڵاو کراوەنەتەوە".