ئێران رەخنە لە گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئه‌مه‌ریكا دەگرێت

مەسجدی: پێویستە بە پێی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هێزە بیانییەکان لە عێراق نەمێنن

ئیرەج مەسجدی، بالیۆزی ئێران لە عێراق
ئیرەج مەسجدی، بالیۆزی ئێران لە عێراق

K24 – هه‌ولێر:

كۆماری ئیسلامی ئێران رەخنەی لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن گرت و رایگه‌یاند، دوای بڕیاری دەركردنی ھێزەكانی بیانی لە لایەن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌، ئیدی پێویستی به‌ مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ و دانووستان له‌و باره‌یه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق رایگەیاند، لە کاتێکدا پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی دەرکردووە، ئیتر پێویست بە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مانه‌وه‌یان ناكات.

مەسجدی گوتیشی: بوونی بنکەی سەربازی ئەمەریکا و هێزەکانی بیانی بە گشتی لە عێراق،  لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا نییە.

هەروەها مەسجدی ئاشکرایکرد، کە لە سەردانەکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ تاران یەکێک لەو تەوەرانەی لە چوارچێوەی دۆسیەی ئەمنی هەردوولا باس کراوە، کشانەوەی ‌هێزە بیانییەکان بووە لە عێراق.

له‌ (7ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2021)، گه‌ڕی سێیه‌می پرۆسه‌ی دانووستانی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا له‌ رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

Fly Erbil Advertisment