بارەگای بارزانی: سەرۆك بارزانی خوێنی شەهیدان و سەنگەری پێشمەرگە بە مەرجەع دەزانێت
راگەیەندراوێک لە بارەگای بارزانییەوە
K24- هەولێر:
بارەگای بارزانی لەبارەی بەکارهێنانی زمانی زبر لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە: ''سەرۆك بارزانی فەرمانی بە ڕاگەیاندن و میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە كە پێویستە لە چاڵاكی و كاری ڕاگەیاندندا ڕەچاوی بەها و پڕەنسیپ و بنەماكانی ڕەوشتبەرزی بكرێت و ئامانجی سەرەكیی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بێت''.
ئاماژەی بەوەشکراوە: ''بەلای سەرۆك بارزانییەوە خوێنی شەهیدان و سەنگەری پێشمەرگە مەرجەعن بۆ هەموو خاوەن قەزییە و نیشتیمانپەروەر و وڵاتپارێزانی كوردستان''.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لەبارەی دیاردەی نامەقبووڵی جنێودان و بەكارهێنانی زمانی زبر لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە بە داخەوە ماوەیەكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا لە ئارادایە، سەرۆك بارزانی فەرمانی بە ڕاگەیاندن و میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە كە پێویستە لە چاڵاكی و كاری ڕاگەیاندندا ڕەچاوی بەها و پڕەنسیپ و بنەماكانی ڕەوشتبەرزی بكرێت و ئامانجی سەرەكیی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بێت. هەر بەپێی ئەو فەرمانە هەر ئۆرگانێكی پارتی پابەندی بەها و ئامانجەكانی پارتی و پڕەنسیپە گشتییەكان نەبێت ئیجرائاتی لەگەڵدا دەكرێت.
هەر لێرەشدا ڕایدەگەیێنین كە سەرۆك بارزانی، پێشتر و ئێستا و لە داهاتووشدا خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و، پێشمەرگایەتی لە سەرووی هەموو جۆرە پێناسە و پلە و پایە و، بە گەورەترین شانازی دادەنێت. بەلای سەرۆك بارزانییەوە خوێنی شەهیدان و سەنگەری پێشمەرگە مەرجەعن بۆ هەموو خاوەن قەزییە و نیشتیمانپەروەر و وڵاتپارێزانی كوردستان.
ڕاگەیاندنی بارەگای بارزانی
٢٠ـی نیسانی