هەڵەیەکی باو کە رۆژوگران دەیکەن

زیانی بۆ تەندروستی هەیە

K24- هەولێر:

بەهۆی چەند هەڵەیەک، هەندێک لەو کەسانەی بەڕۆژو دەبن، دووچاری گێژخواردن و کەمی وزە دەبنەوە.

یەکێک لە هەڵە باوەکان ئەوەیە، هەندێک کەس کاتێک رۆژووەکانیان دەشکێنن، شیرینی زۆر دەخۆن، تاوەکو ئێوارە نان زۆر نەخۆن و قەڵەو نەبن. ئەم کەسانە هەندێکجار، پارێشێوانیش نان ناخۆن. ئەمە لە ماوەی بەرۆژووبووندا، دەبێتە هۆی دابەزینی زۆری رێژەی شەکر لە خوێندا و کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە لەشدا. دواتر دەبێتە هۆی سەرئێشە، گێژخواردن و بێهێزیی.

پزیشکان رێنماییمان دەکەن، ئێواران نانی پڕ پرۆتین و وزە بەخۆین و پارشێوانیش خواردنی سوکی وەک پەنیر و ماست و هێلکە و تەماتە و سەوزە و میوەی تازە بخۆین. ئەمەش بۆ ئەوەیە، تاوەکو پێداویستی لەش بە ڤیتامین، پرۆتین و وزە پڕببێتەوە. هەروەها گوێز و بادەمیش سوودیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی برسێتیی لە ماوەی بەرۆژوو بوون.

بۆ باشترکردنی پرۆسەی هەرسکردنی خۆراکی ئێواران، باشترە پەرداخێک ئاو پێش خواردن بخۆیتەوە، پاشان دوای 15 خولەک نان بخۆیت. ئەمەش دوو سوودی هەیە، یەکەم هاوکاری هەرسکردنی خۆراک دەکات؛ هەروەها رێگری لە زیا خۆریی ئێواران دەکات. نابێت ئەوەشمان بیر بچێت، مرۆڤ رۆژانە پێویستی بە 1.5 لیتر بۆ 2.5 لیتر ئاوی خواردنەوە هەیە، بۆیە دەبێت لە دوای شکاندنی رۆژو، خواردنەوەی ئەو بڕە ئاوە رەچاو بکرێت.

سەرچاوە: د. ئیسمەت تامیر، پرۆفیسۆری خۆراک لە تورکیا