شنگال.. ئاڵۆزی له‌ نێوان سوپای عێراق و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ درووست بوو

هێزێكی په‌كه‌كه‌: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵ ناكه‌ین و ئاماده‌ین شه‌ڕ بكه‌ین

قه‌زای شنگال
قه‌زای شنگال

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئه‌وه‌ی سوپای عێراق هه‌وڵی دا باشووری چیای شنگال كۆنترۆڵ بكات، بۆ ئه‌وه‌ی هێمنی و سه‌قامگیری له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌رقه‌رار بێت و خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه‌، هێزێكی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ رێگری له‌ سوپای عێراق كرد و نه‌یهێشت سوپای عێراق بچنه‌ ناوی شاره‌دێی "گرعزێر" و كۆمه‌ڵگه‌ی "سیپا شێخ خدر".

هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌ هانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌دات، رێگری له‌ سوپای عێراق بكه‌ن و نه‌هێڵن كاره‌كانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ ئاڵۆزی درووست ببێت، هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ به‌ چه‌ك رووبه‌ڕووی یه‌كترببنه‌وه‌.

فه‌رماندیه‌كی سوپای عێراق بۆ كوردستان24 روونیكرده‌وه‌، به‌پێی بڕیاره‌كانی پلانی ئاساییكردنه‌وه‌ی شنگال، پێویسته‌ فرقه‌ی (15) و (20)ی سوپای عێراق له‌و ده‌ڤه‌ره‌یه‌دا بمێننه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ په‌كه‌كه‌ رێگری ده‌كات و خه‌ڵكی سڤیل هانده‌دات شه‌ڕی ئێمه‌ بكه‌ن.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی سوپای عێراق گوتیشی: بۆ ماوه‌ی (3) ساڵه‌ شاره‌دێی "گرعزێر" و كۆمه‌ڵگه‌ی "سیپا شێخ خدر" له‌ژێرده‌ستی په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی دایه‌ و هێشتا ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ ره‌وشێكی خراپدا ده‌ژین.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، "یه‌په‌شه‌" یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال، كه‌ هێزێكی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ن، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵ ناكه‌ین و ئاماده‌ین شه‌ڕ بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی ئه‌واندا بمێنێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوایان له‌ سوپای عێراق نییه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ بپارێزن، بۆیه‌ هێزه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ ئاماده‌ی هه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كه‌.

د.ی