زانایان هۆشداری له كۆرۆنای هیندی ده‌ده‌ن
به‌ریتانیا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
زانایانی به‌ریتانی هۆشداری له تهنۆچكهیهكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ده‌ن، كه به‌م دواییانه له هیندستان ئاشكرا كرا، هه‌ر چه‌ند ئاماژه به‌وه كراوه، كه پێناچێت وه‌ك كۆرۆنا گۆڕاوه‌كانی دیكه كێشه درووست بكات.
رۆژنامه‌ی "ئیندیپێندت"ی به‌رتیانی بڵاویكرده‌وه، ته‌نۆچكه گۆڕاوه‌كه‌ی هیند، كه به "B1617" ناسراوه، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ته‌ندروستی به‌ریتانیاوه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، كه تا ئێستا (77) حاڵه‌ت له‌و وڵاته تۆمار كراوه.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كرد، تا ئێستا نازانرێت ئه‌و جۆره نوێیه زیاتر مه‌ترسی هه‌یه یان نا، ئه‌و ڤاكسینانه‌ی بهردهستیشن كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆرۆنای هیندی هه‌یه، یان نا.
دكتۆر جێفری بارێت، له په‌یمانگه‌ی "ویلكۆم سانجه‌ر"ی به‌ریتانی گوتی: "ئه‌و كۆرۆنا گۆڕاوه‌یه له هیند بڵاوبووه‌ته‌وه، هاوكاته له‌گه‌ڵ ئه‌و شه‌پۆڵه گه‌وره‌یه‌ی كۆرۆنا له‌و وڵاته هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا نازانین ئه‌و كۆرۆنا گۆڕاوه هۆكاری ئه‌و شهپۆڵهیه یان نا".
گوتیشی: "به دڵنیاییه‌وه په‌یوه‌ندی له نێوان هۆكار و ئه‌نجام هه‌یه، به‌ڵام ته‌نیا هه‌زار حاڵه‌تی كۆرۆنای هیندی تۆماركراوه له كۆی (4) ملیۆن تووشبووی ئه‌و شه‌پۆڵه".
د.ی