سەرۆك بارزانی: پێویستە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێز بێت بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی میللەتەكەمان

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردی

سەرۆك مەسعود بارزانی
سەرۆك مەسعود بارزانی

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، بەبۆنەی 123 ساڵەی دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند " پێویستە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێز بێت لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی میللەتەكەمان".

لە پەیامی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "رۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركی هۆشیاركردنەوە و گەیاندنی زانیاری بە كۆمەڵگەیان لەسەر شانە كە لە راستیدا ئەركێكی پیرۆز و هەستیارە و، رۆژنامەنووسان رۆڵێكی گرنگیان لە ئاراستەكردنی رای گشتی و پێشخستنی كۆمەڵگەدا هەیە".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆك بارزانی دەڵێ: "داواشم لە رۆژنامەنووسانی خۆشەویست ئەوەیە کە رووبەڕووی ئەو تەوژم و هێرشە رێکخراوە ئیعلامییە ببنەوە، کە بۆ دژایەتیکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان  لەلایەن ناحەزانی گەلی کوردستان بەڕێوە دەچێت. لەو یادەدا داوا لە هەموو رۆژنامەنووس و میدیاكارانی خۆشەویست و دەزگەكانی راگەیاندن دەكەم كە ئەو ئەركە پیرۆزەیان لە چوارچێوەی پێوەرەكانی رۆژنامەگەریی پڕۆفیشناڵ و میسداقییەت و راستگۆیی و بەلەبەرچاوگرتنی بەها و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات ئەنجام بدەن".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی:..

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی 123مین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.

ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركی هۆشیاركردنەوە و گەیاندنی زانیاری بە كۆمەڵگەیان لەسەر شانە كە لە ڕاستیدا ئەركێكی پیرۆز و هەستیارە و، ڕۆژنامەنووسان ڕۆڵێكی گرنگیان لە ئاراستەكردنی ڕای گشتی و پێشخستنی كۆمەڵگەدا هەیە.

پێویستە ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێز بێت لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی میللەتەكەمان و هەورەها ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان بە هەموو جیهان و، لە هەمانكاتیشدا سەكۆی قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی بێت.

هەروەها داواشم لە ڕۆژنامەنووسانی خۆشەویست ئەوەیە کە ڕووبەڕووی ئەو تەوژم و هێرشە ڕێکخراوە ئیعلامییە ببنەوە کە بۆ دژایەتیکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان  لەلایەن ناحەزانی گەلی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

لەو یادەدا داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی خۆشەویست و دەزگەكانی ڕاگەیاندن دەكەم كە ئەو ئەركە پیرۆزەیان لە چوارچێوەی پێوەرەكانی ڕۆژنامەگەریی پڕۆفیشناڵ و میسداقییەت و ڕاستگۆیی و بەلەبەرچاوگرتنی بەها و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات ئەنجام بدەن.

هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

٢٢ـی نیسانی ٢٠٢١

Fly Erbil Advertisment