پۆمپێیۆ لەبارەی رێککەوتنی ئێران هێرشدەکاتە سەر ئیدارەی بایدن

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریی دەدات

مایک پۆمپێیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا
مایک پۆمپێیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا

K24- هەولێر:

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا لەبارەی نزیکبوونەوەی ئەمەریکا و ئێران و ئەگەری زیندووکردنەوەی رێکەوتننامەی ئەتۆمی دەڵێت: ''مەهێڵن فریوتان بدەن''.

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا نووسیویەتی: ''مەهێڵن چەپەکان فریوتان بدەن، رێککەوتنی ئێران، رێککەوتنێکی خراپبووە و خراپە بۆ ئەمەریکا''.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، رێککەوتنەکەی بە ''یەکێک لە هەرە خراپترین رێککەوتننەکانی ئەمەریکا'' ناوبردبوو، بەوەی بە هۆکارێکی بۆ زیادبوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە دەزانی.

ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئامادەیی دەربڕیووە لەگەڵ ئێران رێککەوتن بکات و رێککەوتننامەی ئەتۆمی زیندو بکاتەوە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لێی کشایەوە.

لە دوای هێرشی سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئێران، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و خۆرئاوا، کێشەی تێکەوت و ئێران ژمارەی سەنتەرفیوژی زیادکرد، بەڵام تاران جارێکی دیکە ژمارەکەی کەمکردەوە. ئێستاش لەگەڵ دەستپێکردنی گەڕی دانووستانی نوێ، پێشهاتی نوێ لە ناوچەکە دروست دەبێت.