(47) ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێدا تێدەپەڕێت
لە بۆردومانەكهدا (163) کەس شەهید و (300) کەسی دیكه بریندار بوون

K24 - ههولێر:
(47) ساڵ بەسەر بۆمب بارانکردنی قەڵادزێ و (39) ساڵ بەسەر خۆپیشاندان و راپەڕینی جەماوەری شارەکە دژی رژێمی ئەوکاتەی بەعس تێدەپەڕێت، لەو بۆردومانە کە دوای بۆردومانی هێرۆشیما و ناکازاکی لە جەنگی دووهمی جیهانی، یەکەم جار بوو بۆمبی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکاربهێنرێت، دەیان کەس شەهید و سەدانی دیكه برینداربوون کە زۆرینەیان مامۆستای زانکۆ و قوتابی و هاووڵاتی مەدەنی بوون.
(8) ساڵ دوای بۆردومانەکە لەهەمان رۆژ، پیاوانی رژێم لەکاتی مەراسیمی یادی کارەساتەکە، ئاپۆرای خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژی گولـله و دوو شەهید و دەیان کەسیشیان بریندار کرد، دواتر خۆپیشاندانەکە فراوان بوو بە جۆرێك زۆرینەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە.
(47) ساڵ پێش ئەمڕۆ، کاتژمێر 9:45 خولەکی بەرەبەیان، چوار فڕۆکەی شەڕکەری عێراق (16) بۆمبیان له ئاسمانی قەڵادزێدا باراند، لەو بۆردومانەدا (163) کەس شەهید و (300) کەسی دیكه بریندار بوون.
هەشت ساڵ دواتر و لە هەمان رۆژدا، خەڵکی قەڵادزێ یادی بۆردومانەکەیان دەکردەوە و بە رێپێوان بەرەو گۆڕستانی شەهیدەکان دەچوون، پیاوانی رژێم دەستڕێژی گولـلەیان لێکردن و چەندین کەسیان شەهید و بریندار کرد.
محهمهد زرنگ، بەشداری راپەڕین گوتی: "رژێمی بهعس له كۆی (3) گهڕهكدا (2) گهڕهكی به تهواوهتی تهخت كرد، كوشتارێكی زۆریشیان كرد، بیریندارهكان بۆ لادێكانی دهوروبهر و سنووری ئێران گوازرانهوه، زۆرهبهیان لهو لادێیانه شههید بوون".
یادی کارەساتەکە دەرفەتێکە تاکو کۆمەڵەی قوربانیانی پشدەر و کەسوکاری شەهیدان داوای دادپەروەری بکەن لە موچە و ئیمتیازاتی کەس و کاری شەهیداندا، ئەدیب لەتیف، بەڕێوبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی جەختی لەوە كردهوه، پڕۆسەی چاکسازی له وەزارەتەکەیان دەستی پێکردووە، هەر زیادەڕۆیی یان کەمتەرخەمییەك لە مووچەی شههیداندا کرابێت، چاکدەکرێت.
قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرە، خەڵکی ئەو ناوچەیە رۆڵی گرنگیان لە شۆڕشەکانی کورددا هەبووە، له سەدەی (16)دا "فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە" لەو ناوچەیە فەرمانڕەوایەتی میرنشینی بابانی کردووە.
چەندین جار ناوچەکە دووچاری بۆردومان و وێرانکاری بووهتەوە، دوایینجار رژێمی بەعس لە (13)ی حوزەیرانی ساڵی (1989) خەڵکی قەڵادزێ بەتەواوی راگواست بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان و شارەکەشی تەختی زەوی کرد و تەواوی ماڵ و خانووەکانیشی تەقاندەوە.
د.ی