لە ناحیەی چوارقوڕنە کەسێک لەبەردەم ماڵەکەی کوژرا

بکوژەکان تەقەیان لە بازگەکانی ئاسایش کردووە و هەڵاتوون

ساتی کوشتنی هاووڵاتییەک لە چوارقوڕنە
ساتی کوشتنی هاووڵاتییەک لە چوارقوڕنە

 K24- هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، کوژرانی کەسێکی لە ناحیەی چوارقوڕنە راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی راپەڕین: ''لە رووداوێکی تەقەکردن کە سێک لە گەڕەکی کوردستانی ناحیەی چوارقوڕنە کوژراوە و لە شوێنی رووداوەکەش، 44 قەوانی تەقیویی کڵاشینیکۆڤ دۆزراوەتەوە''.

زانیاری لەبارەی کوژراوەکە ئاشکرا کراوە و لە راگەیەندراوەکە هاتووە: ''کەسەکەش بەناوی (ف،ص،م) لەدایکبووی ساڵی 1973 پ.م دانیشتوی چوارقوڕنە گەڕەکی کوردستان لەبەردەمی ماڵەکەی خۆیان لەلایەن چەندکەسێکەوە لەناو ئۆتۆمبیلێک تەقەی لێکراوە و شوێنەواری 18 گوللـە بەجەستەیەوە هەیە و دوای ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری دواتر ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە: ''بەمەبەستی دۆزینەوەی تەقەکەران و دەستگیر کردنیان، هەماهەنگی لەگەڵ بازگەکانی ئاسایشی راپەڕین کرا. تەقەکەرەکان دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبیلی خۆیان ویستیان بە بازگەی ئاسایشی بالیسان بێ وەستان تێپەڕ ببن، تەقەیان لە بازگەکە کردووە و دواتر بە هاوکاری دوو ئۆتۆمبیلی تر رادەکەن و ئۆتۆمبیلی سەرەکی کە لە رووداوی کوشتنەکە دا بەکاریانهێناوە بەجێ دەمێنێ و  ئێستا ئەو ئۆتۆمبیلە لەلایەن بازگەی ناوبراو دەستی بەسەردا گیراوە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوەکەی نووسیویەتی: ''بەگوێرەی وتەی کەسوکاری کوژراوەکە، کێشەکە رووداوێکی کۆمەڵایەتی بووە و هەردوو لایەن خەڵکی هەولێرن، بەڵام کوژراو ماوەی چەند ساڵێکە لە چوار قوڕنە دادەنیشێت و بکوژەکانیش دانیشتوی هەولێرن و لە هەولێرەوە هاتوون بۆ کوشتنی کەسەکە.

لەماوەی کەمتر لە 10 رۆژی رابردوو، ئەوە سێیەم حاڵەتی کوشتنی بە مەبەستە لەسنوری راپەڕین تۆمار دەکرێت کە دووانیان لە شارۆچکەی چوارقوڕنە بوون.