عەبادی: هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز هەوڵێکە بۆ بێسەروبەری

"ناکرێ لە ئاستی ئەم رووداوە بێدەنگ بین و نەرمی بنوێنین و دەبێ رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر"

K24-هەولێر

سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز هەوڵێکە بۆ نانەوەی دۆخی بێسەروبەری و ناکرێ لە ئاستی ئەم رووداوە بێدەنگ بین و نەرمی بنوێنین و دەبێ رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر.

حەیدەر عەبادی لە وتارێکدا کە شەوی رابردوو لە تەلەفزیۆنی نیمچە فەرمی عێراق پێشکەشی کرد گوتی: "زیاتر لە ساڵ و نیوێکە هێزە پاڵەوانەکانتان سەرکەوتن تۆمار دەکەن و پارێزگاکان و شارەکان و گوندەکان لە بندەستی چەتەکانی داعشی تیرۆریست رزگار دەکەن و سەرکەوتووبوونە لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان و وا دوێنێ (پێرێ) شارۆچکەی روتبە گەڕایەوە و زۆرمان نەماوە فەللوجەش بەگەڕێنینەوە ئامێزی نیشتمان".

هێزەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند کە شارۆچکەی روتبە لە رۆژئاوای عێراقیان لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد. بەڵام  شارۆچکەی فەللوجە لە رۆژئاوای عێراق کە لە سەرەتای ساڵی 2014وە لە بندەستی چەکدارانی داعشدایە، هێشتا لە بندەستی داعشە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: "لە سەروبەندی ئەم سەرکەوتنانە ئامادەکارییەکان بۆ تەواو رزگارکردنی پارێزگای ئەنبار و دواتر مووسڵ و هاوکات لەگەڵ هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش لە بەغدا دژی خەڵکی سڤیل ئەوانەی کە دزەیان کردووە هەوڵی ئەوە دەدەن وڵات پەلکێش بکەن بەرەو بێسەروبەری و هێرش دەکەنە سەر هێزەر ئەمنییە پاڵەوانەکانمان لە نێو بەغدا و بە چەکەوە دەسوورێنەوە لە نێو شارەکاندا لەبڕی رووبەڕووبونەوەی داعشی دوژمن لە بەرەکانی جەنگدا".

حەیدەر عەبادی ئاماژەشی کرد: "بەشێک لە دزەکردووەکان بانگەشە بۆ پەکخستنی گۆڕی سەرکەوتنەکان دەکەن کە هێزە پاڵەوانەکانمان بەدەستی دەهێنن، ئەوەشی ئەمڕۆ (دوێنێ) روویدا و هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی دەوڵەت و یاریکردن بە سامانی گشتی جێی قبووڵ نییە و نەرمی بەرامبەر ئەنجامدەرانیان نانوێنین و دەبێ رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر دژی پێشێلکاران".

ئەمە لە کاتێکدایە رابەری رەوتی سەدر موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێکدا دوێنێ گوتی: "دەستی تیرۆر و تەندوتیژیی حکوومەت لە دژی رۆڵەکانی گەلەکەمان و خۆپێشاندەران هاوکاربوون". گوتیشی: "شورشی ئاشتیانەی گەل هەردەبێ سەربکەوێ و کۆتایی بە تایەفەگەری و بەشبەشێنە و تیرۆر بهێنێ".

رابەری رەوتی سەدر دڵنیاییشی دا: "شۆرشی رۆڵەکانی گەلە مەزنەکەم و هەڵوێستیان و شۆرشیان دژی تیرۆر و گەندەڵی دەنگی رەوایە بە رووی ستەمکاران و گەندەڵکاران".

بەهۆی هەڵکوتانی خۆپێشاندەران لە بەغدا کە دەگوترێ زۆربەیان لایەنگری رەوتی سەدری شیعەن بۆ سەر ناوچەی سەوز و بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پایتەختی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ هەینی باری نائاسایی لە بەغدا راگەیاند و دوای چەند کاتژمێرێک بڕیاری لابردنی درا.

بەڵام وەک سەرچاوە ئەمنییەکان و پزیشکییەکانی بەغدا دەڵێن رووداوەکەی دوێنێ بەغدا و رووبەڕووبونەوەی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان کە بە زەبری هێز خۆپێشاندەرنیان لە ناوچەی سەوز و ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرد بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.

خۆپێشاندەرانی بەغدا چەن مانگێکە رۆژانی هەینی خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن و داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و نەهێشتنی گەندەڵی و پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن لە عێراق.

مانگی رابردووش بەهەمان شێوە خۆپێشاندەران کە دەگوترێ بەشی هەرە زۆریان لایەنگری رەوتی سەدرن هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و بۆ ماوەیەکی کورت داگیریان کرد، بەڵام دواتر لە باڵەخانەکە کشانەوە.

ئا: ئا ، ف

Fly Erbil Advertisment