بەهۆی تەقینەوەیەک لە کانی ماسی 3 کەس برینداربوون
پۆلیس لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات

K24 – دهۆک
لە ناحیەی کانی ماسی بەهۆی تەقینەوەی (تی ئێن تی) سێ کەس برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان کارمەندی فەرمانگەی کارەبای کانی ماسییە.
ئیسماعیل محەمەد، قایمقامی قەزای ئامێدی، بە کوردستان24ی رایگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 27/4/2021 لە چیای (گامیرکێ) لە کانێ ماسی لە کاتی پشکنینی تۆڕی کارەبا لە لایەن فەرمانگەی کارەبا، (T.N.T) تەقییەوە. لە ئەنجامدا کارمەندێکی کارەبا بە ناوی (نیوار محەمەد ساڵح) و دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی (ئیبراهیم محەمەد ئیبراهیم) و (حوسێن سلێمان پیرموس) برینداربوون".
گوتیشی: "بریندارەکان بۆ چارەسەری سەرەتایی گەیەندرانە بنکەی تەندروستی کانی ماسی، دواتر بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک گوازرانەوە".
قایمقامی ئامێدی راشیگەیاند: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەلایەن بنکەی پۆلیسی کانی ماسی لەسەر تەقینەوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت".