بەبەشداری توركیا و یۆنان، جنێف میوانداری كۆبوونەوەیەكی یەكلاییكردنەوەی كێشەی قوبرس دەكات
K24 – ھەولێر:
لە ژێر چاودێری ئەمیندارای گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس لە سوێسرا، دانوستان لە نێوان سەركردەی ھەردوو بەشەكەی قوربرس و وەزیرانی دەرەوەی توركیا و یۆنان دەستیپێكرد، ئهمهش وهك ھەوڵێك بۆ كۆتیاییھێنان بە دابەشبوونی دوورگەی قوبرس.
ھەریەك لە گۆتێرێس و نیكۆس ئاناستاسیادس، سەرۆك كۆماری قوبرسی دانپێدانراو لە رووی نێودەوڵەتییەوە، و ئێرسین تاتار، سەرۆك وەزیرانی حكومەتی كۆماری باكووری قوبرس، كە لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانەنراوە، و تەنھا لە لایەن توركیا پشتیوانی دەكردێت، ھەروەھا ھەردوو وەزیری دەرەوەی یونان، نیكۆس دیندیاس و بەریتانیا، دۆنینیك راب لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولوود چاویش ئۆغلۆ بۆ جاری یەكەم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ لە سەر یەك مێز كۆبوونەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە، بەشداربووان دانوستانی دوو لایەنەیان ئەنجامدا.
ئامانج لەو كۆبوونەوانە، كە بۆ ماوهی سێ رۆژ بەردەوام دەبن، ھەڵسەنگاندنی ئامادەیی لایەنەكانە بۆ دەستپێكردنی دانوستان سەبارەت بە كۆتاییھێنان بە دوو پارچەیی قوبرس، كە لە ساڵی 1974وە بەردەوام بووە و لە 2017وە ھەڵپەسێردراوە.
ئاژانسی "ئەسۆشێتید پرێس" مەزندە دەكات، "دوای زیادبوونی گرژییەكان لە نێوان لایەنەكان لهو چهند مانگهی رابردوودا، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، كە ئومێدی باشكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا دەكەن، لە نزیكەوە چاودێری دانوستانەكان دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن ئەنقەرە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ دانوستان یان نا.
ئاژانسەكە ئاماژەی بهوه كردووە، لەوانەیە كۆبوونەوەكانی جنێف دەرفەت بە بەردەوامبوونی راوێژ لە نێوان توركیا و یۆنان بدهن بۆ كەمكردەنەوەی ئەو گرژییانەی لە نێوانیاندا ھەن لە رۆژھەڵاتی دهریای سپیی ناوەڕاست، ھەرچەندە باسكردنی دۆسیەی قوبرس پێشبینی ناكرێت.
نەتەوە یەكگرتووەكان جەختیكردەوە، پێشبینییهكان لە كۆبوونەوەكانی جنێف كەمن، گوتەبێژ بەناوی گوتێرێس، ستیڤان دووجاریك رایگەیاند، ئەمینداری گشتی رێكخراوەكە، "ھێشتا واقعبینانەیە" و بەرەو سویسرا رۆیشتووه.
توركیا لەسەر بنەمای "چارەسەری دوو دەوڵەتی" داوای یەكلاییكردنەوەی كێشەی دوورگەی قوبرس دەكات، بەڵام كۆماری قوبرس، كە لە لایەن جیھانەوە دانیپێدانراوە ئەم ھەڵوێستە رەتدەكاتهوه.
سەرچاوە: "ئەسۆشێتید پرێس"