واشنتن بەدووری دەزانێ بە هاوبەشی لەگەڵ مۆسکۆ هێرش لە سووریا ئەنجامبدات
رووسیا پێشتر رایگەیاند رووسیا کە داوای لە ئەمریکا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کردووە لە 25/5/2016وە بە هاوبەشی هێرشی ئاسمانی لە دژی "گرووپە تیرۆریستییەکان" لە سووریا ئەنجامبدەن.

K24-هەولێر
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند واشنتن ئەگەری ئەنجامدانی هێرش لە سووریا بە هاوبەشی لەگەڵ مۆسکۆ بەدوور دەزانێ، بەڵام لەگەڵ رووسیا باشترین رێگە بۆ رێزگرتن لە ئاگربەست لە سووریا تاوتوێ دەکات.
بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێربی راشیگەیاند: "هیچ رێکەوتنێک نییە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سووریا بە هاوبەشی لەگەڵ مۆسکۆ".
گوتیشی: "لەگەڵ رووسیا چەند پێشنیازێک تاوتوێ دەکەین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی بەردەوام بۆ چاودێریکردن و باشتر جێبەجێکردنی ئاگربەست لە سووریا". بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
ئەمە لە کاتێکدایە رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی 5/2016 بەڵێنیان دا هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ گەیشتن بە چارەیەکی سیاسی بۆ شەڕی سووریا و فرانترکردنی ئاگربەست بە جۆرێک هەموو خاکی سووریا بگرێتەوە.
ئێستا رووسیا و ئەمریکا کە سەرۆکایەتی گرووپی هاوکاریکردنی سووریا دەکەن، پێکەوە لە 27/2/2016وە سەرپەرشتی رێزگرتن لە ئاگربەست دەکەن لە سووریا، هەرچەندە ئەو ئاگربەستە بە گوتەی خودی لایەنە پەیوەندیدارەکان تا ئێستا چەند جارێک پێشێلکراوە، بەتایبەت لە شاری حەلەب.
وەزیری بەرگریی رووسیا سێرگی شویگۆ دوێنێ هەینی لە یەکێک لە تەلەفزیۆنەکانی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند: رووسیا داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کردووە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لە 25/5/2016وە بە هاوبەشی هێرشی ئاسمانی لە دژی "گرووپە تیرۆریستییەکان" لە سووریا ئەنجامبدەن، بەتایبەت لە دژی بەرەی نوسرە باڵی رێکخراوی قاعیدە لە سووریا.
بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جیف دیفیس رایگەیاند: "ئێمە لەبارەی کردەوە سەربازییەکانەوە لە سووریا لەگەڵ رووسەکان هەماهەنگ و هاوکار نین، چونکە ئامانجی کردەوە سەربازییەکانی رووسیا و ئەمریکا یەک نین".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتیشی: "کردەوە سەربازییەکانی رووسیا بۆ پاڵپشتیکردنی رژێمی (بەشار ئەسەدە) لە کاتێکدا ئێمە هەوڵی شکستپێهێنانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی دەدەین".
شەڕی نێوخۆیی سووریا وا زیاتر لە پێنج ساڵە بەردەوامە و بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا زیاتر لە 270 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە، جگە لە ئاوارەبوونی نزیکەی نیوەی دانیشتوانی سووریا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە.
ئا: ئا ، ف