بریكاری وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه: پهرهپێدانی رێگهوبان بهردهوام دهبێت و بۆ پرۆژهی هێڵی شهمهندهفهریش 3 كۆمپانیا بانگهێشت كراون
رێگهوبانهكان و چاكسازی هاتووچۆ له كوێی كابینهی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان

K24 - ههولێر:
لە نوێترین ئهڵقهی بەرنامەی هەنگاوی نۆیەمی کوردستان24 لەبارەی پرۆسەی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پێشکەشکار و رۆژنامەنووس رەگەز رەشیدەوە پێشکەشدەکرێت، بە میوانداری ئاگرین عەبدوڵڵا بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، باس لە پەرەپێدانی رێگهوبان و دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە کوردستان کرا.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامی هەنگاوی نۆیەم گووتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لهسهرتاوه دیدگای ئەوەبووە کە سێکتەری گواستنەوەی زەمینی و رێگاوبان بەشێوەی سەلامەت بێت بۆ هاووڵاتیان و کاڵا هەروەها بەشێك بێت لە گەشەپێکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان".
بریكاریهی وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه، ئامانجی حكومهتی له گرنگیدان و چاكسازی له كهرتی هاتووچۆ و رێگهوبان روونكردهوه و گوتی: "حکومەت کۆمەڵێك ئامانجی هەیە لەو بوارە کە بریتین لە دروستکردنی تۆڕی رێگاوبانی خێرا، دروستکردنی تۆڕی رێگاوبانی سەرەکی دوو ساید لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و سنورەکان هەروەها دروستکردنی رێگای یەک ساید لە نێوان شار و شارۆچکەکان و گوندەکان و چاککردنەوەی رێگاوبانەکان گووتیشی دوا ئامانج و یەکێك لە ئامانجە سەرەکییەکان دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەرە لە هەرێمی کوردستان".
ئاگرین عەبدوڵڵا راشیگەیاند، لە بڕگەکانی کارنامەی کابینەیەی نۆیهمی حكومهتی ههرێمی كوردستان، یەکێك لە بەندە سەرەکییەکان گەشەپێدانی رێگهوبانەکانە، راشیگەیاند، ماستەر پلانی تایبەتیان بە رێگاوبان هەیە و بەردەوامیش نوێگەری بۆ ئەنجامدەدەن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان 24 تاوەکو ئێستا لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 46 پرۆژەی رێگهوبان تەواوبوونە و گوژمەی 318 ملیار و 337 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخانکرابوو.
به گوێرهی بهدواداچوونه تایبهتهكهی كوردستان24، کۆمەڵێك پرۆژەی دیکەش تەواو بوونە یاخود لە تەواوبووندان، وەك تونێلی پیرمام بە گوژمەی 178 ملیارد دینار، پردی زێی گەورە بە گوژمەی 49 ملیار دینار، رێگهی هەولێر – گۆپاڵ بە گوژمەی 204 ملیار دینار، دوکان – چوارقوڕنە (قۆناغی یەکەم) 51 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
هەروەها کۆمەڵێك پرۆژەی دیکەش کە کاریان تێدادەکرێت و لە قۆناغی تەواوبووندان بریتین لە: پرۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان بە گوژمەی 137 ملیار دینار، پرۆژەی کەلار-کفری بە گوژمەی 53 ملیار دینار، دوکان – چوارقوڕنە (قۆناغی دووەم) بە گوژمەی 56 ملیار دینار، پردی دەربەندی رانیە بە گوژمەی 11 ملیار دینار و رێگای پێنجوێن باشماخ بە گوژمەی 35 ملیار دینار.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی ئەو پرۆژانەی کە بڕیارە ئەمساڵ تەواو بکرێن رایگەیاند، یەکێك لە پرۆژە گرنگەکان پردی زێی گەورەیە کە بە پردی گۆپاڵیش ناوزەد دەکرێت و درێژترین پرد دەبێت لە هەرێمی کوردستان، کە درێژیەکەی 950 مەترە و پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەشێکە لە شادەماری رێگهوبانی هەرێمی کوردستان. هەروەها رێگای دوکان چوارقوڕنە قۆناغی یەکەمی لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆتایی دێت و رێگهی کفری – کەلاریش کە درێژیەکەی 25 کیلۆمەترە لە قۆناغی کۆتایی دایە.
لەبارەی رێگهوبانی خێرا (ئۆتۆبان)یش، بریكاری وهزارهتی ئاوهدانكردنهوه رایگەیاند دەرگامان کراوەیەی بۆ هەر وەبەرهێنەرێك و کۆمپانیایەک کە بیەوێت رێگاوبانی خێرا بە پارە دروستبکات و گوتیشی: "تاوەکو ئێستا وەکو پێویست خەڵکێکی وەها نەهاتووە".
لە بارەی دروستکردنی رێگه لە ناوچە شاخاوییەکان، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجیبوون ئاشکرایکرد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر پلانی هەیە رێگایەک دروستبکرێت لە تونێلی بەنی هەریرەوە لەوێوە چەند تونێلێکی دیکە لە چیای کۆڕەک و چیای هندرێن دەکرێت وە بە کۆمەڵێك پرد و تونێلی دیکە دەبەسترێنەوە کە هەم بە سۆران هەمیش بە چۆمانەوە لەوێشەوە بەرەو حاجی ئۆمەران دەبەسترێنەوە. بودجەی ئەو پرۆژەیەش کە دوو قۆناغە تریلۆنێک و 500 ملیار دینارە، گوتیشی: "ئومێدمان وایە ئەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتی فیدرالی عێراق کراوە ئەگەر جێبەجێبکرێت بە لایەنی کەمەوە دەتوانن وردە وردە دەست بە پرۆژەکە بکەین".
هاوکات بەپێی بەدواداچوونێکی کوردستان 24، پلانی هێڵی شەمەندەفەر لە کوردستان بە سێ قۆناغی سەرەکی دەستپێدەکات و قۆناغی یەکەم کە 620 کیلۆمەترە لە زاخۆوە دێت بەرەو هەولێر لە هەولێریشەوە بەرەو چەمچەماڵ دەچێت لە چەمچەماڵیش دوو هێڵی لێ دەبێتەوە دانەیەکیان بەرەو سلێمانی و لەوێشەوە بۆ پێنجوێن دەڕوات، دانهیهكیش لە چەمچەماڵەوە بەرەو کەلار و خانەقین دەروات.
لە قۆناغی دووەم لە هەولێرەوە بەرەو کۆیە، رانیە و قەڵادزێ لە هەمانکاتدا لە دهۆکەوە بەرەو سەرسەنگ و ئامێدی دەڕوات، قۆناغی سێیەمیش لە هەولێرەوە بەرەوە حاجی ئۆمەرانەوە دەڕوات.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیەش سێ کۆمپانیای جیهانی بانگهێشتکراون کە دوو کۆمپانیای ئیسپانی و کۆمپانیایەکی ئەڵمانییە.
لە بارەی پلانی جێبەجێکردنی پرۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاگرین عەبدوڵڵا ئاشکرایکرد، ئێمە لێکۆڵینەوەی خۆمان لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە ئەنجامداوە و لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەین لە بارەی بەهای ئابووری ئەو پرۆژەیە.
گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت ئەو پرۆژەیە لە رێگای کەرتی تایبەتەوە جێبەجێبکەین یاخود لە رێگای وەبەرهێنانەوە کە رەنگە بودجەکەی 2 بۆ 3 ملیار دۆلاربێت، لە باشترین سینارۆشدا ئەگەری هەیە لە بەهاری ساڵی داهاتوو دەست بەجێبەجێکردنی ئەو پرۆژە ستراتیژیە بکرێت رەنگە 3 بۆ 4 ساڵیش بخایەنێت".
بە شێوەیەکی گشتی ئەو پرۆژانەی کە لە بواری رێگاوبان هەن لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 128 پرۆژە، 15 پرۆژە وەستاون، 58 پرۆژە بەردەوامن، 9 پرۆژەش گرێبەستەکانیان هەڵوەشاونەتەوە، 37 پرۆژەش لە قۆناغی پێوانەیی کۆتاییدان و 9 پرۆژەش پاکتاوی داراییان بۆ کراوە.
بەرهەمی ئەو پرۆژانەش بریتین لە 440 کیلۆمەتری دووساید، 10 کیلۆمەتری یەک ساید، 792 کیلۆمەتر چاککردنەوە ، 5 تونێل و ئۆڤەرپاس، 3 پرد و 890 کیلۆمەتر رێگای گوندەکانن.
لەلایەکی دیکەوە داواکاری پارێزگاکان بەپێی پرۆژەکان بریتین لە: هەولێر 6 پرۆژە بە گوژمەی تریلۆنێک و 619 ملیار دینار،سلێمانی 4 پرۆژە بە گوژمەی تریلۆنێک و 115 ملیار دینار و دهۆکیش 5 پرۆژە بە گوژمەی تریلۆنێك و 362 ملیار دینارە.
لە بارەی سندوقی رێگاوبانیشەوە ئاگرین عەبدوڵڵا رایگەیاند، بیرۆکەی ئەو سندوقە بریتیە لەو پارەیهی کە لە هاووڵاتی وەردەگیرێت بۆ بەکارهێنانی رێگهوبان بۆ خزمەتکردنی رێگاوبانەکان بەکاربهێندرێنەوە و ئەم سیستەمەش لە زۆر شوینی دنیا هەیە.
م. ھ